کەرکووک.. ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەردەوامن

K24 – کەرکووک:

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌رده‌وامن  و ته‌نیا دوو هه‌فته‌ بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی سیاسی له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كان ماوه‌، هێشتا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی.

حەکیم عوبێد، باژێروانی مەکۆی کەرکووکی بزوتنەوەی گۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێشتا کات ماوە پێیوایە لە کاتێکی زۆر کۆتایدا بتوانن وەک بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری کۆتایی بدەن کە کار لەسەر ئەوە بکەن   لیسێکی هاوبەش دروستبکەن لەگەڵ لایەنە کودرییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای عێراق.

گوتیشی: ئەگەریش نەمانتوانی لیستێکی هاوبەش دروستبکەین لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، گفتوگۆی دیکە ئەنجامدەدەین و بڕیاری دیکەمان دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، تارق فەریق، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتوو، بۆ کوردستان24، گوتی: سەرجەم بژاردەکانی دروستکردنی هاوپەیمانێتیمان داوە بە سەرکردایەتی حزبەکە، لە نێویاندا دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی ئیسلامی، بەلام تاکو ئێستا سەرکردایەتی یەکگرتوو بریاری کۆتاییان لەوبارەیەوە نەداوە

لەلایکی دیکەوە، رەسول رەئوف، ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، "وادەیەکی کەم لەبەردەم لایەنە سیاسییەکاندا ماوە و بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیە، هەروەها پێشنیازی زیندووکردنەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە دەکەم کە لە ساڵی 2019 لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروستکراوە و کە تێیدا ناو لۆگۆ و کاندیدی هاوپەیمانێتیەکەش تا ئێستا ئامادەیە".

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.