کورد لە پۆستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بێبەشدەکرێت

تابلۆی کۆمپانیای نەوتی باکوور | وێنە: دیلان بارزان - کوردستان24
تابلۆی کۆمپانیای نەوتی باکوور | وێنە: دیلان بارزان - کوردستان24

K24 - کەرکووک

ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکرێت و هیچ پۆستێک بە کورد نەدراوە. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە گۆڕانکارییەکان ناڕازین و دەڵێن، "هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان رەچاو نەکراوە".

بەگوێرەی نووسراوێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە رۆژی پێنجشەممە 13ـی تەممووزی 2023 دەرچووە و واژووی بەرکان حەسەن عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکەی لەسەرە؛ گۆڕانکاری لە پۆستی حەوت سەرۆک بەشی ئەو کۆمپانیایەدا دەکرێن و هیچ پۆستێک بە کورد نەدراوە، لە کاتێکدا پێشتر کورد خاوەنی دوو لەو پۆستانە بوو.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، رێژەی فەرمانبەرانی کورد لە سەرجەم فەرمانگەکانی شاری کەرکووک کەمیکردووە. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، رێژەی فەرمانبەرانی کورد لە فەرمانگەکانی کەرکووک سەدا 22ـە، لە کاتێکدا سەدا 43ـیان لە پێکهاتەی تورکمان و سەدا 35ـە دیکەشیان لە پێکهاتەی عەرەبن.

ئەو پۆستانەی گۆڕانکاریی تێدا کراون بریتین لە پۆستی (بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، بەڕێوەبەری بەشی گەڕان بەدوای نەوت و کۆنترۆڵی کواڵێتی، بەڕێوەبەری بەشی پلان و جووڵەی نەوت، بەڕێوەبەری بەشی فیلتەرکردنی نەوت، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و بەڕێوەبەری بەشی سیستەمی ڕۆژئاوایی).

بەگوێرەی نووسراوەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور؛ گۆڕانکارییەکان لە رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو حەوت سەرۆک بەشە نوێیە کە دەستبەکاردەبن، بۆ ماوەی شەش مانگ لەژێر تێستدا دەبن.

گۆڕانکارییەکان ناڕازەیەتی کوردی لێکەوتووە. فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق ناڕازەیەتی خۆیان لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکان نیشانداوە و ئاماژە بەوە دەدەن، گۆڕانکارییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکان کراون و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکەن.

کۆمپانیای نەوتی باكوور گەورەترین فەرمانگەی شارەکەیە، 12 هەزار و 331 فەرمانبەر لێی کاردەکەن. لە سەدا 50ـی ئەو فەرمانبەرانە عەرەبن، لە سەدا 42ـی تورکمانن و تەنها لە سەدا 8ـیان کوردن. لە کۆی 12 بەڕێوەبەری دەستە لە کۆمپانیاکە، 7ـیان عەرەبن، چواریان تورکمانن و یەکێکیان کریستیانە و هیچیان بەر کورد نەکەوتوون. تەنها حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی دامەزراندنی فەرمانبەری لەو کۆمپانیایە هەیە، واتا گۆڕانکارییەکان "مەرکەزین".