یەکێتی ئەوروپا و تونس رێککەوتنێکیان لەسەر پرسی کۆچبەران واژۆکرد

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتی تونس و مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، قەیس سەعید سەرۆکی تونس و ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆکردووە کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکانی مرۆڤ.

مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لە تویتەر نووسیویەتی، "رێککەوتن لەسەر تێکدانی مۆدێلی قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ، بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، باشترکردنی رێکارەکانی تۆمارکردن و گەڕانەوە و هەموو رێوشوێنە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی کۆچبەری نایاسایی.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد، کە ئامانجی وەبەرهێنانە لە خۆشگوزەرانی هاوبەش، لەنێویاندا پرسەکانی کۆچکردن.

جۆرجیا مێلۆنی سەرکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، رێککەوتنەکە هەنگاوێکی نوێی گرنگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچکردن بە شێوەیەکی یەکگرتوو، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بانگهێشتی قەیس سەعید، سەرۆکی تونسی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کۆچبەران، کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە رۆما بەڕێوە بچێت، تونس بە خاڵی دەستپێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا.

لای خۆیەوە قەیس سەعید، سەرۆکی تونس سەبارەت بە رێککەوتنەکە سەرنجی خۆی لەسەر گەلانی تونس و ئەوروپای خستەڕوو، مێلۆنی پێی وابوو کە هاوبەشی نێوان تونس و یەکێتی ئەوروپا، دەتوانرێت وەک مۆدێلێک بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نوێ لەگەڵ باکووری ئەفریقا هەژمار بکرێت.

لای خۆیەوە رووتە دووپاتی کردەوە کە "رێککەوتنەکە سوودی بۆ هەردوولا یەکێتی ئەوروپا و گەلی تونس دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا یەکەم هاوبەشی بازرگانی تونس و گەورەترین وەبەرهێنەرە، سەبارەت بە کۆچبەریش، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە رێگە بە کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی دەدات.

ڕێککەوتنەکە بریتییە لە هاوکاریکردنی تونس بەبڕی 105 ملیۆن یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، جگە لەوەش 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵپشتیکردنی بودجەی ئەو وڵاتە تەرخان دەکرێت، کە بەدەست قەرزەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە دەناڵێنێت و رووبەڕووی کەمی نەختینەیی بووەتەوە.

ئەو سێ بەرپرسە ئەوروپییە لە یەکەم سەردانیاندا ئاماژەیان بە کۆی هاوکاری دارایی 900 ملیۆن یۆرۆ کردبوو، کە دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەی قەرز پێشکەش بە تونس بکرێت.

لەم بارەیەوە ڤۆن دێر لاین تەنیا ئەوەی گوتووە کە برۆکسل "ئامادەیە ئەم هاوکارییە پێشکەش بکات بە زووترین کات کە مەرجەکان جێبەجێ کران".

Fly Erbil Advertisment