وەزیری کشتوکاڵ: لە کابینەی نۆیەم توانیومانە پارێزگاری لە سەرچاوەکانی ئاو بکەین
K24 - هەولێر:
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەم توانیویانە تا ئاستێکی باش پارێزگاری لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بکەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە گوتارێکیدا کە لە کۆنفراسێک دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەولێر پێشکەشیکرد، باسی لەوەکرد، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەم، هەوڵ و کۆششی زۆریداوە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەرێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆند و هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ جووتیاران، تایبەت بە چۆنییەتی بەڕێوەبەردنی سەرچاوەکانی ئاو.
وەک وەزیری کشتوکاڵ خستیەڕوو، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو کاریگەرییەی لەسەر ژینگەی وڵاتانی جیهان هەیەتی، هەمووانی رووبەڕووی قەیران کردووەتەوە، ئەو قەیرانەش زۆرجار لە کەمی ئاوەوە گۆڕاوە قەیرانی سیاسی لەنێوان وڵاتاندا، بەشێوازێک بڕینی سەرچاوەی ئاوی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، بووەتە فاکتەری لێکترازانی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکین لەو وڵاتانەی کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، رووبەڕووی مەترسی بووینەتەوە و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە سەرچاوە ئاوییەکانمان لێ دەگیرێتەوە.
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، بەشێك لە کانی و کارێزەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە رووبەڕووی وشکبوون بوونەتەوە و ئەمەش هۆکارێك بووە بۆ چۆڵکردنی بەشێك لە گوندەکان.
بێگەرد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەوەی، ئەرکی هەمووانە لە پرۆسەی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی رووبەری سەوزایی بەشداربن، بۆئەوەی بتوانن وڵاتی خۆیان بپارێزن.
ئاماژە بەوەشدا، هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو.
لەلای خۆیەوە عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کابینەی نۆ توانیویەتی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر نەخشە جیهانییەکانی تایبەت بەرووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا.
سەرۆکی دەستەی ژینگە روونیشیکردەوە، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەماهەنگی دەکەن بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی سەوز و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لەپەیوەندیدان بۆ دامەزراندنی پرۆژەی تایبەت بە ریسایکلینی ئاو.