ئۆکرانیا: 210 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکە داگیرکراوەکەمان رزگارکردووە

ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی | وێنە: AFP
ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

گاننا مالیار، جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە هێرشی پێچەوانەیان بۆ سەر هێزەکانی رووسیا دەستپێکردووە، "بە گشتی 210.05 کیلۆمەترچوارگۆشە لە خاکی وڵات ئازاد کراوە."

گاننا مالیار لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ سەرکەوتنەکانی سوپای ئۆکرانیا لە بەرەکانی باشوور و رۆژهەڵات، کردووە.

جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی، هێزەکانی بەرگریی ئۆکرانیا لە باشوور بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بە ئاراستەکانی مەلیتۆپۆل و بەردیانسک، ئاشکرای کرد، سەربازانی ئۆکرانیا بەتایبەتی لەو چالاکییانەی کە لە ناوچەکانی ماکاریڤکا-ستارۆمایۆرسکی، نۆڤۆداریڤکا-پریوتنێ، مالا تۆکماکا-نۆڤۆپۆکرۆڤکا و پیاتیهاتکی-گرۆزۆڤە ئەنجامیانداوە، سەرکەوتوو بوون.

مالیار تیشکی خستەسەر ئەوەی کە سوپای ئۆکرانیا هەفتەی رابردوودا لە هێڵی بەرگرییەوە پێشڕەوی کردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە رووسەکان لێی جێگیرکراون، راشیگەیاندووە: "رووبەری 10.9 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکە (لە باشوور) رزگار کراوە. بەگشتی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە درێژایی 9.25 کیلۆمەتر لە باشوورەوە پێشڕەوی کراوە و رووبەری 179.5 کیلۆمەترچوارگۆشە رزگار کراوە".

گاننا مالیار ئەوەشی خستەڕوو، لەنێوان 10 بۆ 16ی تەمووزدا، 134 پارچە چەک و کەرەستەی سەربازیی و بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و دوو کۆگای سووتەمەنیی رووسیا لەناوبراون و رایگەیاند: "جگە لەوەش، شەش تانک، 24 زرێپۆش، 12 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، دوو سیستەمی تۆپخانەی جۆری ئاکاتسیا، دوو سیستەمی تۆپیخانەی جۆری پیۆن و بڕێکی زۆری دیکە لە چەک و تەقەمەنی لەناو براون".

مالیار هەروەها ئاشکرای کرد، 50 سەربازی رووسیا بە دیل گیراون و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە هەفتەی رابردووەوە لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری وڵات ئەنجامدراون بە گشتی 210.5 کیلۆمەتر چوارگۆشە رزگار کراون.