وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات

سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا
سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا

K24 - هەولێر:

ماڵپەڕی لێ فیگارۆی فەرەنسی رایدەگەیێنێت، سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەمە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەولێر و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

بڕیار وایە، وەزیری بەرگری فەرەنسا سەربازەکانی هێزی وڵاتەکەی، کە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا جێگیرکراون بەسەر دەکاتەوە.

سەردانەکەی وەزیری بەرگری فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگری و هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکە دەبێت.

وەزیری بەرگری فەرەنسا رۆژی دوو شەممە، لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر کۆبووە و بڕیاره‌ دوای سەردانەکەی، رۆژی سێ شەممە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێبکەوێت.

کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و لە سەردەمی حوکمڕانی چەندین سەرۆکی فەرەنسا و تێپەڕبوونی قۆناغی جیاجیا ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێدراوە، لە شەڕی داعشدا فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو، بۆ تێکشکاندنی داعش.