لە هەولێر دوو کەس لەسەر هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک دەستگیرکران

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوو لەوکەسانەی هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییەک لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر دەستگیرکران.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: "دوای ئەوەی سەر لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17/7/2023، لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر، سێ چەکدار هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییەک و لێیان دا و ئازاریان دا، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر) دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیمان ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەین، دەرکەوت کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و زاوا و خەزوری یەکترن، خۆیان رادەستی (بەڕێوەبەرایەتییەکەمان) كرد".

ئاسایشی هەولێر راشیگەیاندووە: "دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دوو لەو تۆمەتبارانە بە ناوەکانی (م ،ك ، أ) و (أ، ك ، أ) رووبەڕووی یاسا كرانه وه هەروەها بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم".