سەفین دزەیی: هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندی عێراقە چونکە لە بودجەدا جێگیر کراوە

سەفین دزەیی
سەفین دزەیی

K24 - هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراقە، چونکە لە بودجەدا جێگیر کراوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، لایەنی تەکنیکی تاڕادەیەک چارەسەر بووە، ئەوەی دەمێنێتەوە، دیدارەکەی ئەنقەرە و بەغدایە کە چاوەڕێ دەکرێت چارەسەری گرفتەکە بکرێت.

وەک بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی پێدا، لە ماوەی رابردوو ئەو کەیسە یاساییەی لەلایەن عێراقەوە لە دادگای پاریس بەرانبەر تورکیا جوڵێندرا بوو، لە پێنج کەیس عێراق تەنیا یەک کەیسی بردەوە.

بە گوتەی سەفین دزەیی، مەترسی جوڵاندنی کەیسی دیکە بەرانبەر بە تورکیا هەیە، بۆیە تورکیا مەبەستییەتی لایەنە یاساییەکانی بابەتەکانی رابردوو دابخرێن و هەوڵ بدرێت لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە.

زیانی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، بە گوتەی سەفین دزەیی، بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە میانەی سەردانەکەمان بۆ ئەمەریکا کە هەفتەیەک دەخایەنێت، بڕیارە چەندین دیدارمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس و بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا هەبێت.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان، ئەوەی خستەڕوو، ئامانج لە سەردانەکە گەیاندنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە.