سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ خەڵکی کفری رادەگەیەنێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

وابڕیارە ئەمشەو چەند بڕیارێکی گرنگی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی خەڵکی کفری و ناوچەکەیان رابگەیەندرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو (18ـی تەمموزی 2023) چەند بڕیارێکی نوێی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی خەڵکی کفری و خزمەتکردنی ناوچەکە رابگەیەندرێت.

دوای ئەوەی رۆژی (16ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "هاووڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە ‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.

هاوکات لە هەمان رۆژدا، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کێشەکانی شاری کفری، داوای چارەسەر و بەدواداچوونی خێرای کرد و بەڕێزیان مەبەستیەتی بە کەمترین کات ئەوەی لە توانای حکوومەت بێت، کێشەکان چارەسەر بکرێن.

ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کفری مانگرتنیان راگەیاندووە و داوای خزمەتگوزاری و ئاوڕدانەوە لە ناوچەکەیان دەکەن بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی هەلی کار کە وەک خۆیان دەڵێن، ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە پشتگوێ خراون.