بڕیارێکی حکومەتی عێراق لەبارەی شێوازی دەنگدان ئاوارەکان نیگەران دەکات
K24 – هەولێر:
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق ئەو ئاوارانەی کە لە دەرەوەی کەمپەکانن دەبێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان، ئەم بڕیارەش ئاوارەکانی نیگەران کردووە چونکە پێیانوایە لە بری ئەوەی ئاسانکاریان بۆ بکات رێکارەکانیان بۆ قورستردەکات، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆیە تەنیا بنکەی دەنگدان بۆ ئەوانەی دانیشتووی کەمپن لە ناو کەمپەکان دادەنرێت.
هاشم جاسم، ئاوارەی دانیشتووی کەمپی بەحرکە لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند،" من ناوم تۆمار نەکردووە بۆچی تۆماری بکەم، بەهۆی ئەوەی نۆ ساڵە لێرەم و کەس لێم ناپرسێت کە چیم پێویستە و چیمان دەوێت و بۆ ناگەڕێنەوە، کە کاتی دەنگدانیش دێت هەموو پێمان دەڵێن دەنگبدەن و دواتر لەبیریان دەچێتەوە، من ناگەڕێمەوە مووسڵ و کەسوکارەکەشم ناگەڕێنەوە، تەنانەت بۆ دەنگدانیش ناگەڕێمەوە".
ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوونە هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە مافێکی دیکەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لێوەردەگیرێتەوە ناتوانن لەو پارێزگایانە دەنگبدەن کە بۆی ئاوارەبوون و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان بۆ دەنگدان.
بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق، تەنیا ئەو ئاوارانە دەتوانن دەنگبدەن کە لە کەمپەکان دەژین، لەمبارەیەوە حەیدەر محەممەد، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق-نووسینگەی هەولێر، بۆ کوردستان24، گوتی: "ئاوارەکان دابەشبوون بەسەر شەش کەمپدا، سەرژمێرییان بۆکراوە، ئێمە تەنیا ئەو ئاوارانە تۆماردەکەین کە لەناو کەمپەکانن و تەنیا ئەوان دەتوانن لێرە دەنگبدەن، لەناو کەمپەکان بنکەی تۆمارکردنیان بۆ دەکەینەوە بۆ ئەوەی تۆماربکرێن، ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکانیشن مافی دەنگدانیان لێرە نییە، دەبێت بگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان".
زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، %41ـیان لە هەولێرن، %40ـیان لە دهۆکن و %19ـش لە سلێمانین، کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕێگەی 52 بنکەی تۆمارکردنەوە دەستیکردووە بە تۆمارکردنی ئاوارەکان.
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.