وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە هەولێر
K24 – هەولێر:
وەزیری بەرگری فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و وابڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری هەبێت.
رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، سـباستـیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدەدەن.
رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023)، وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەگری عێراق کۆبووەوە و سەربازان و تیمی راوێژکاری سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بەسەرکردەوە.
پێشتریش وەزیری بەرگری فەرەنسا لەمیانی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە، لە سعوودیە و قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان فەرەنسا و وڵاتانی کەنداویان تاوتوێکرد.
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کاتێکدایە؛ بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. تا ئێستا دوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ساڵی 2014 و بە درێژایی شەڕی داعش هاوکارێکی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە هەمان ساڵ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکرد، فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنانکردن و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیادی کرد.