کۆمەڵ و سۆسیال دیموکرات رەتیدەکەنەوە بەشێکبن لەو لیستە کوردییەی لە کەرکووک پێکهێندراوە

K24 – هەولێر:
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری رەتیدەکەنەوە بەشداریان لەو لیستە کوردییەدا کردبێت کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکهێندراوە.
رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، رەسوڵ رەئوف، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرپەرشتیاری كەركووكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند ئەو کۆبوونەوەیەی لەبارەی پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، راوێژکاری بووە و بڕیاری پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش تێدا نەدراوە.
هاوکات مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ لیستێکی کوردی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رانەگەیەندراوە و هیوا دەخوازین یەک لیستی دروست بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت و هەژموونی ئەوانیتر لە شارەکەدا زاڵ نەبێت.
رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023) ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کەرکووک کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا بانگەشەیە پێکهێنانی لیستێکی کوردستانییان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
پێشتریش لە رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی شاری کەرکووک لەسەر بانگهێشتی بەرپرسی مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک – گەرمیان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستی بەشداری لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان کردەوە.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 ئەنجام درا. حزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست، کە ناوی لێندرابوو "لیستی برایەتی" بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد و توانییان لە کۆی 41 کورسی، 26 کورسی بەدەستبهێنن. حزبە تورکمانییەکان توانییان 9 کورسی و عەرەبەکانیش توانییان شەش کورسی بەدەسبهێنن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی کورسییەکان لە 41 کورسییەوە بۆ 16 کورسی کەمکراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، هیمان تهحسین، بهڕێوهبهری فهرمانگهی پارتهكان له كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، 270 حزب و لایهنی سیاسی ناوی خۆیان بۆ ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی عێراق تۆماركردووه.
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.
هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.
لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.
هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک و نەینەوا. هاوکات، سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.