ماتیۆ زایس: ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دوور و درێژ و ناسراویان پێکەوە هەیە

ماتیۆ زایس، لێکۆڵەری ئەمەریکی
ماتیۆ زایس، لێکۆڵەری ئەمەریکی

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەرێکی ئەمەریکی، رایدەگەیەنێت، بودجەی ئێستای عێراق هاوتا نییە لەگەڵ دەستووری عێراق و مافی هەرێمی کوردستانیش پێشێل کراوە بۆیە سکاڵای تۆمارکردووە لە دادگای فیدراڵی، هاوکات دەشڵێت: ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان پەیوەندیکی دوور و درێژ و ناسراویان پێکەوە هەیە.

ماتیۆ زایس، لێکۆڵەری ئەمەریکی، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمەریکا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە 2003، لەو چوارچێوەیشدا مافەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا زامن کردووە.

هەروەها راشیگەیاند، ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان پەیوەندیکی دوور و درێژ و ناسراویان پێکەوە هەیە.

ئەو لێکۆڵەرە ئەمەریکییە ئاماژەی بەوەدا، بروام وایە دوو قەیران هەیە هەرێمی کوردستان و وزەی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بوونەتەوە، یەکەمیان راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوووەمیان، کەمی بودجەی عێراق کە بۆ هەرێمی کوردستانی دابینکردووە، ئەم دوو خاڵە کاریگەری زۆری هەبووە لە دروستکردنی قەیران لە هەرێمی کوردستان.

گووتیشی: بودجەی ئێستای عێراق هاوتا نییە لەگەڵ دەستووری عێراق و مافی هەرێمی کوردستانیش پێشێل کراوە بۆیە سکاڵای تۆمارکردووە لە دادگای فیدراڵی.

لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی سوریاوە، ماتیۆ زایس گوتی: هەر رێککەوتنێک لەگەڵ رژێمی ئەسەد کاریگەری زۆری دەبێت لە کاتێکدا سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا هەن، ئەم قسانە لەگەڵ راستییەکان یەکناگرنەوە، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا سەختە.

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەو لێکۆڵەرە ئەمەریکییە روونیکردەوە، ئەمەریکا تاکە وڵاتە بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەرییەکی بنچینەیی لەنێوان  ئەنقەرە و بەغدا بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوت لەو رێگەوە ئەنجامبدرێتەوە، ئەمەش کاری سەرکردایەتی ئەمەریکایە کە هەردوولا بهێنێتە سەرهێل.

ماتیۆ زایس، لەبارەی سیستمی فیدڕاڵی عێراقەوە، گوتی: "ئامانجی ئێران و ئەم لایەنانەی کە پشتیوانی ئێران دەکەن ئەوەیە عێراق سیستمی فیدراڵی نەمێنێت ببێتە سیستمی مەرکەزی، هەروەها دەبێت ئەمەریکا رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە سەپاندنی دەستووری عێراق".