تا ئیستا هیچ هاوپەیمانێتییەکی سیاسی لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا پێکنەهێنراوە
K24 – کەرکووک:
ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیە عەرەبییەکان لە کەرکووک قوڵتر دەبێتەوە و تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی یەک هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەشێک لەلایەنە سیاسیە عەرەبییەکان لەئیدارەی ئێستای کەرکووک رازی نین و دەڵێن ئیدارەی کەرکوک نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان ناکات. ئەگەر لایەنە عەرەبییەکان بەم شێوازە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، سێ هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت.
لە کەرکووک تاکوو ئێستا ئاسۆی دەرکەوتنی هیچ هاوپەیمانێتییەکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان روون نییە عەرەب کە لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە ئیدارەی کەرکووک بەڕێوەدەبەن، لەسەر چۆنێتی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە ناکۆکن
هەنگاوەکانیان بۆ یەک لیستی هێندە خاوە کە پێناچێت هەموویان لەدەوری یەک هاوپەیمانی کۆببنەوە، بەشێک لەلایەنە عەرەبییەکان لەئیدارەی ئیستای کەرکووک رازی نیین و چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکەن.
پارتی گەشەپێدانی عەرەبی، پارتێکی نوێی سیاسی عەرەبییە و نزیکەی هەفتەیەکە راگەیەندراوە و دەیانەوێ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، ئەوان دەڵێن کار بۆ راگرتنی ئەو سیاسەتە دەکەن کە دەیەوێ پێکهاتەکانی کەرکووک لەبەڕێوەبردنی شارەکە پشتگوێ بخات، لەمبارەیەوە، قەیس زوبێدی، گوتەبێژی پارتی گەشەپێدانی عەرەبی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر عەرەب لە کەرکووک رێکنەکەون، ئەوا بە سێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەو پەرتەوازییەی عەرەب و یەك قبوڵنەکردنەیە کە لەلایەن هەندێک هێزی عەرەبی دروستکراوە.
گوتیشی: لە داهاتوودا هێزی نوێی عەرەبی دروستدەبێت و هیوامان وایە کاریگەرانە لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، حاتم تائی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی عەرەبی لە کەرکووک، گوتی: "ئێمە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دوو هاوپەیمانیمان دەبێت و پێمان باش بووە بەم جۆرە بەشداری بکەین".
بەگوێرەی زانیارییەکان، خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، هاوپەیمانێتیەکی دەبێت کە راکان جبوری سەرۆکایەتی دەکات و ژمارەیەک لایەنی عەرەبیش هاوپەیمانێتییەکی دیکە دروست دەکەن و سەربەخۆکانیش دەیانەوێ بەجیا بەشداری بکەن.
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.