کوێستان محەممەد: لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا چەندین پرۆژەمان لە سنووری هەڵەبجە کردووەتە

کوێستان محەممەد
کوێستان محەممەد

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێورەسمی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کار و پیشەیی هەڵەبجە رایگەیاند، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا چەندین پرۆژەیان لە سنووری هەڵەبجە کردووەتە لەوانەش، بەڕێوەبەرایەتی دەستبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، سەنتەری ئۆتیزم و شیاندنی منداڵان.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی هەڵەبجە، دانا حەمە شەریف سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجێکی سەردانەکە، بەسەرکردنەوەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

گوتیشی: ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە، کردنەوەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی کار و راهێنانی پیشەیی و بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

دانا حەمە شەریف ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییەی ئەمڕۆ لە هەڵەبجە کرانەوە، بە نزیکەیی 100 هەلی کار دەرەخسێنن و لە داهاتوودا خزمەت بە هەڵەبجە دەکەن.