سەفین دزەیی لە کۆشکی سپی لەگەڵ تێری وۆڵف کۆدەبێتەوە
K24 – هەولێر:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی، تاوتوێی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دەکەن.
رۆژی هەینی (21ـی تەمموزی 2023)، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە بە یاوەری تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی لەگەڵ تێری وۆڵف، بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆر، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بووە.
هەروەها هەر ئەمڕۆ هەینی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دیدارێکی گرنگی دەبێت.
رۆژی (18ـی تەمموزی 2023)، سەفین دزەیی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا کە هەفتەیەک دەخایەنێت، بڕیارە چەند دیدارێک لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس و بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا هەبێت بە ئامانجی گەیاندنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن.
هەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، رۆژی دووشەممە (17ـی تەمموزی 2023)، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمەریکا کرد لەنێوان بەیان سامى عەبدولرەحمان و تریفە عەزیز، نوێنەرى نوێی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا.