پشتیوان سادق: کاردیناڵ لویس ساکۆ هەمیشە بیرۆکەکانی لەپێناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان بووە

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە لە شاری ئیستانبوڵەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان، هاوکات وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، کاردیناڵ لویس ساکۆ، هەمیشە بیرۆکەکانی لەپێناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان بووە و کوردستانیش هەمیشە ماڵی خۆیەتی.

ئەمڕۆ (21ـی تەمموزی 2023)،پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بەناوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەخێرهاتنی کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان دەکات، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایینیی و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانە.

راشیگەیاند، "هەر لە کۆنەوە ئەم مێژووەی پێکەوە ژیانە بۆ ئێمە ماوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەم پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نموونەیەکی بەرز و دیارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات هەوڵی جددی دراوە بۆ پاراست و بەرەوپێشبردنی ئەم پێکەوەژیانە".

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: کاردیاڵ لویس ساکۆ هەمیشە بیرۆکەکانی لەپێناو یەکترقبوڵکردن و پێکەوژیان بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساکۆ لە چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ئاستی جیهان و لە ئاستی عێراق بەشداریکردووە و رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبووە لە پێکەوژیان و یەکترقبوڵکردنی لە نێوان هەموو ئایین و ئەدیانەکان.

پشتیوان سادق، گوتی: "هەمووان خۆشحاڵین بە هاتنی ساکۆ بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستان ماڵی خۆیەتی بۆ لەمەودوا لە کوردستان کارو چالاکییەکانی وەک کەنیسەی کلدانی ئەنجامدەدات".

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، ئەو پێکەوە ژیانەی کە لە کوردستان هەیە، بەرهەمی وتارە میناڕەوەکانی مامۆستایانی ئایینیی هەموو ئەدیانەکانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، پاتریاركی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌عێراق و جیهان رایگەیاند، بڕیاریانداوه‌ له‌ به‌غدا بكشێنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵات و چالاکییەکانیان بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بگوازنه‌وه‌.

كاردیناڵ لویس ساكۆ پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان، لە دوایین په‌یامیدا کە ئاڕاسته‌ی سه‌رۆككۆمار، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و گه‌لی كریستیان له‌ عێراق کرد و رایگەیاند، له‌لایه‌ن بزووتنەوەی بابیلۆنەوە رووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی ناڕه‌واو سووكایه‌تیكردن بوونه‌ته‌وه‌. هەروەها كشانه‌وه‌ی مه‌رسومی كۆماری، رووداوێكه‌ له ‌عێراقدا وێنه‌ی نه‌بووه‌، ئه‌و هه‌موو رووداوه‌ چاره‌نووسسازانه‌ نازانین كه‌ی كۆتاییان دێت و له‌ دادگاش له‌سه‌ر داوا‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن.

پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بڕیارە درا بۆ بەدیهێنانی خواستی بابليۆن بە دەرکردنی فەرمانێک کە ره‌یان سالم دۆدا بە بەرپرسی ئەوقافی کڵێسا و ئەسوانی خوشکی وەک جێگری دەستنیشان بكه‌ن، هه‌روه‌ها سەرمەدی خوشكیشی بكرێته‌ بەرپرسی دارايي و وەسامەی برای بكرێته‌ بەرپرسی پاراستن له‌ دەشتی نەینەوا و له‌ ماڵی كریستیانه‌كان لە تلکیف پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه"‌.

Fly Erbil Advertisment