مشتومڕەکان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەردەوامن

K24 – هەولێر:

بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان تا ئێستا دیار نیە کورد بە چەند لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک دەکات .پارتی دەڵیت بەهۆی یاساکەوە بۆ کورد باشە بە دوو لیستی بەهێز بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، یەکگرتووش رایدەگەیەنێت، ئەگەر هاوپەیمانی کوردستانی پێک نەهات لایەنە ئیسلامیەکان لەگفتوگۆ دان بە لیستیکی ئیسلامی بەشدار بن. زەحمەتکێشانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت،  مەحاڵە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت.

دوایەمین وادەی بەردەم لایەنان سەرەتای مانگی  داهاتووە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی، تا ئێستا لایەنه‌کان تاک تاک و به‌ تەنها ناوی خۆیان تۆمارکردوە، ئەحمەد خورشید، بەرپرسی رایگەیاندنی لقی سێ پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کورد ئەگەر بتوانێت بە دوو لیستی بەشداری بکات لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پاریزگاکان، قازانجی زیاترە و لە بەرژەوەندی خۆیانە و دەتوانن کورسی زیاتر بەدەستبهێنن.

هەروەها راشیگەیاند، هەوڵی زۆر جددی هەیە بۆ ئەوەی کورد بە یەک لیست بەشداربێت لە هەڵبژاردن.

لایەنەکانی کەرکووک بە کورد و عەرەب و تورکمان شەڕی زۆرترینی کورسیەکان دەکەن و چارەنووسی کەرکوویش بەستراوە بەم هەڵبژارنەوە لە نێو لایەنە سیاسییەکان هەوڵ هەیە بۆ یەک لیستی بەڵام ئەنجامی نییە کە بەشێک لایەنەکان بەپێوستی دەزانن.

لەلایەکی دیکەوە، شوان محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئاشکرایکرد، جگە لە پارتی و یەکێتی لایەنەکانی دیکە هەموو ئامادەییان خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی لە لیستێکی هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام دەبێت ئەو هەنگاوە لە کوردستانەوە بنرێت.

لەلایەن خۆیەوە، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو، بۆ کوردستان24، گوتی: ئێمە خوێندنەوەی تەواو بۆ هەنگاوەکانی ئەم پرسە دەکەین، هەروەها ئەگەر کورد بە یەک لیست بەشداری نەکرد، پێشنیار دەکەین ئیسلامییەکان لیستێکی هاوبەشیان هەبێت و بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن".

رۆژی 20ی مانگی حوەزیرانی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیارکرد.

پێشتر ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل رایگەیاندبوو، کە 23 ملیۆن و 367 ھەزار و 81 کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە.

ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە.

دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕکرا.