محەممەد خورشید: پێشنیاز کراوە کورد بە دوو لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات
K24 – هەولێر:
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ئاشکرایکرد، پێشنیازیان کردووە کە کورد بە دوو لیستی بەهێز بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن، گوتیشی: بەشداریکردنی کورد بە یەک لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئەستەمە.
محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، ئاشکرایکرد، پرسی یەک لیستی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک نایاتە کایەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی لایەنەکانیش بەیەکەوە بن هەندێک لایەن هەن لە دەرەوەی ئەم لیستانە کاری خۆیان دەکەن، ئەمەش کاریگەری دەبێت و بە زەرەری کورد دەشکێتەوە.
هاوکات جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر نەتواندرا لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداری بکەن، دەکرێت بە دوو لیستی بەهێز بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەزموونێکی باشی هەیە لەسەر پرسی بەشداریکردن بە تەنیا لە هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە یەک لیست بەشداری کردووە و کێشەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 30ـی تەمموز دەدرێت.
محەممەد خورشید، روونیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا لەگەڵ حەوت بۆ هەشت لایەن لەسەر هێڵە و نزیکن بۆ هاوپەیمانی، "ئومێد دەکەین لەگەڵ ئەو لایەنانە زیاتر نزیک بینەوە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشدار بین، ئەگەریش نەمانتوانی هاوپەیمانی دروستبکەین، ئەوا پشتگیری ئەوە دەکەین کە سەرجەم لایەنەکانی دیکە بتوانن بە یەک لیست بەشداری بکەن و کێشەمان نابێت".
رۆژی 20ی مانگی حوەزیرانی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیارکرد.
پێشتر ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل رایگەیاندبوو، کە 23 ملیۆن و 367 ھەزار و 81 کەس لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، مافی دەنگدانیان ھەیە.
ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەی 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری پهرلهمانی عێراق کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕکرا.