هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچە دەکەن

K24 – هەولێر

بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات و ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.

لەلایەکی دیکە پەیوەست بە بودجەی گشتی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق، رێنمایی تایبەت بە خەرجکردنی بودجە بە وەزارەتەکان بدات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ئەگەری رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، هەمان ئەو رێنماییانە بۆ حکومەتی هەرێم رەوانە دەکرێن".

دوێنی جووتیار عادل، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، راشیگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم دوو رۆژەدا لەسەر زۆرینەی پرسەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتن و، هیچ بیانوویەک لە بەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، هاتنی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە کە هەفتەی رابردوو لە رۆژی سێشەممە تاکوو رۆژی پێنجشەممە شاندەکە لە بەغدا بوون چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕیان بە تایبەت لەگەڵ تیمی حکومی عێراقی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئەنجامدا، هاوکات سەردانەکەی ئەمڕۆشیان لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، لەبارەی ئەو داواکارییانەی کە حکومەتی عێراق هەیانبوو لەسەر رادەستکردنەوەی نەوت، رادەستکردنەوەی ئەو داتا و زانیارییانەی کە تایبەتن بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردتسان، داهاتە نانەوتییەکان و شێوازی خەرجییەکان.

هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.

ئەمە لە کاتێكدایە لە 12/6/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند کرد، رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.