پاریس ئێمباپێی هه‌رزانفرۆش كرد

پاریس سانجێرمان لە ترسی ئەوەی کلیان ئێمباپێ بێ بەرامبەر لەدەست نەدەن، ئامادەن ئەم هاوینە بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری گۆڵکارەکەیان بن، لە ئیسپانیاش باس لەوە دەکرێت فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە و هاوینی داهاتوو ئێمباپێ بە خۆڕایی بگوازێتەوە ریزەکانی یانەکەی.

پاریس سانجێرمان ئامادەیە ئەم هاوینە بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەکەی بێت و نایەوێت هاوینی داهاتوو بێ بەرامبەر ئەو یاریزانەی لەدەست بدات.

دوای ئەوەی کلیان ئێمباپێ ناوی لە لیستی یاریزانانی یانەکەی بۆ گەشتی ژاپۆن بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو دوورخرایەوە، یانەکە رایگەیاند ئەو یاریزانە تاوەکو 30 مانگ دەرفەتی پێدراوە چارەنووسی خۆی یەکلایی بکاتەوە، یان گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە یان یانەکەیان جێبێڵێت.

شازادەکان لە ساڵی 2017 کلیان ئێمباپێیان بەرامبەر 180 ملیۆن یۆرۆ لە ریزەکانی مۆناکۆ گواستەوە ریزەکانیان، بۆیە سەرەتا بڕیاریاندا لە 200 ملیۆن یۆرۆ کەمتر دەستبەرداری ئەو یاریزانە نەبن و چاوەڕێ ئۆفەریان دەکرد، بەڵام هیچ یانەیەکی ئەوروپی ئامادەنەبوو ئەو ئۆفەرە پێشکەش بکات.

رۆژنامەی لێ 10 سپۆرتی فەرەنسی زانیاری دەستکەوتووە، شازادەکان بێ هیوابوون لەوەی ئەو نرخەی داوا دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە ئێمباپێ پێشکەشیان بکرێت، هەروەها ئەوان دڵنیان یاریزانەکە ئەگەر ئەم هاوینەش نەچێت، ئەوا هاوینی داهاتوو بێ بەرامبەر یانەکەیان جێدێڵێت.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە بەم هۆیەوە کارگێری پاریس سانجێرمان ئامادەیە واز لە داواکاریە گەورەکەی بێنێت و ئێستا داوای نیوەی ئەو نرخە دەکەن، واتە ئامادەن بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری گۆڵکارەکەیان بن.

لێ 10 سپۆرت بڵاویشی کردووەتەوە ئامانجی یانە فەرەنسیەکە ئەوەیە دەیانەوێت هەر هیچ نەبێت نیوەی تێچووی گواستنەوەی ئێمباپی بەدەست بێننەوە، نەوەکو هاوینی داهاتوو بێ بەرامبەر یانەکەیان جێبێڵێت.

ریال مەدرید ئامانجی سەرەکی کلیان ئێمباپێ هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمانە، بەڵام تاوەکو ئێستا مێرنگی هیچ هەنگاوێکی نەهاوێشتووە بۆ گواستنەوە، رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانیاش بڵاویکردووەتەوە، پێرێز هەموو ئامانجیەتی تۆڵەی خۆی له‌ پاریس بكاته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی هاوینی رابردوو به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئێمباپێ گه‌یشتبووه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام رێگه‌یان نه‌دا، بۆیه‌ فلۆرێنتینۆ پێرێز سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی و هاوینی داهاتوو ئێمباپێ بێ بەرامبەر بگوازێتەوە مەدرید.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی زانیاری دەسکەوتووە، پاش ئەوەی ماڵباتەکەی ئێمباپێ زانیان کە کوڕەکەیان لە گەشتی ژاپۆن دوورخراتەوە، ئەوانیش بڕیاریانداوە ئه‌گه‌ر بە درێژایی وەرزی داهاتوو ئەو یاریزانە لەسەر کورسی یەدەگ بێت ئاماده‌نین له‌م هاوینه‌ له‌ پاریس بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ی بێ بەرامبەر یانەکە جێبێڵێت.