د. عومەر نورەدینی: پێش بەستنی پەیمانی لۆزان کورد بەشێك نەبووە لە هاوکێشەی گەورەی جەنگ

د. عومەر نورەدینی، مامۆستای زانکۆ
د. عومەر نورەدینی، مامۆستای زانکۆ

K24 - هەولێر:

سەبارەت بە پەیمانی لۆزان و کاریگەرییەکانی لەسەر نەتەوەی کورد، د. عومەر نورەدینی دەڵێت: یەکێک لە کێشەکانی کورد پێش بەستنی پەیمانی لۆزان کورد ئەوە بوو، کە نەبووەتە بەشێك لە هاوکێشەی گەورەی جەنگ.

دکتۆر عومەر نورەدینی، مامۆستای زانکۆ لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24 لەبارەی پەیمانی لۆزانەوە باسی لەوەکرد، وەک چۆن پەیمانی وێستڤالی نەخشەی سیاسی ئەوروپای گۆڕی و دەوڵەت‌نەتەوەی دامەزراند، لۆزانیش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان کاری کرد بەڵام کوردی لە دەوڵەت‌نەتەوە بێ‌بەش کرد.

بە گوتەی د. عومەر نورەدینی، هەمیشە پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، لەدوای جەنگە هەرێمی و نێدەوڵەتییەکان لەدایک دەبن، ساتەوەختی گۆڕانکارییەکان گەورەکانیش هەر ئەو کاتەیە، بۆیە یەکێک لە کێشەکانی کورد لە پەیمانی لۆزان ئەوەبوو، پێش بەستنی پەیمانەکە، کورد ئەوکات بەشێك نەبووە لە هاوکێشەی گەورەی جەنگ، هێزێکی سەربازی ئەوتۆی نەبووە، کە ببێتە کارەکتەرێک لە رێککەوتنی سیاسی دوای جەنگ.

دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزان، ئەگەر جارێکی دیکە گۆڕانکاری رووبدات، کورد لە کوێی ئەو گۆڕانکارییەکاندا دەبێت؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا د. عومەر نورەدینی گوتی: ئێمە هیواناخوازین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشێوەی و جەنگ و شەڕی ئەوتۆ دروست ببێت کە دیسان ناوچەکە بخاتە نێو کارەساتەوە، بەس مێژوو پێمان دەڵێت، ساتەوەختی گونجاو  بۆ ئەوەی نەتەوەکان ببن بە دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خۆیان هەبێت، کاتی بوونی پشێوەی نێودەوڵەتی و جۆرێك لە جەنگە کە نەتەوەکان خۆیان بتوانن لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە ببن بە کارەکتەر لەنێویدا.