هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک لە دژی تەواونەکردنی کارەکانی دروستکردنی رێگەیەک گردبوونەوە

K24 - هەولێر

هاووڵاتییەکی کوردی کەرکووک لە دژی تەواونەکردنی کارەکانی دروستکردنی جووتسایدی سەرچنار گردبوونەوە و دەڵێن، کارەکان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن و کاری رۆژانەی دووکاندارەکانی پەکخستووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، هاووڵاتییانی دانیشتووی ژمارەیەک گەڕەکی کوردنشینی کەرکووک لە دژی تەواونەکردنی کارەکانی دروستکردنی رێگەی جووتسایدی سەرچنار، کە نزیکەی 10 گەڕەک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوا دەکەن پەلە لە دروستکردنی رێگەکە بکرێت.

کەرەم سدیق، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کرد، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت "10 رۆژ پێش هاتنی مانگی رەمەزان دەستیان بە دروستکردنی رێگەکە کردووە. دەیانەوێت بە یەک شۆفڵ، یەک حەفارە، یەک گەلابە و چوار کرێکار رێگاکە تەواو بکەن. کارەکە بەم شێوەیە تەواو نابێت؛ بەڵێندەرەکە کە پڕۆژەکەی وەرگرتووە، دەبووایە کەلوپەل و پێداویستی تەواوی لەبن دەست بووایە."

کەرەم سدیق گوتیشی "نە ئاومان هەیە، نە کارەبامان بە تەواوەتی هەیە، رێگەکەش حاڵی وایە. ناتوانین بە ئۆتۆمبێلی خۆمان هاتووچۆ بکەین. ئیشمان نەماوە، چونکە بەهۆی ئەوەی رێگەکە تەواونەوبووە، ئۆئۆمبێل ناتوانێت بوەستێت و بێت شتمان لێ بکرێت".

محەممەد فاروق، کە بەشداربووەکی دیکەی گردبووەنەوەکە بوو، ئاماژەی بەوە دا، "نزیکەی شەش مانگە دەستیان بە دروستکردنی جووتسایدی سەرچنار کردووە و ئێستا بە نیوەچەڵیانی بەجێهێشتووە. داوادەکەین ئەم پڕۆژەیە بە زووترین کات جێبەجێبکرێت، چونکە بەڵێندەرەکە زۆر کەمتەرخەمە لە ئیشەکەی و کارەکان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن".

لەبارەی جیاوازیکردن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان و گەڕەکەکانی دیکەی کەرکووک؛ نەریمان عەبدوڵڵا، کە هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکێکی کوردنشینە بۆ پەیامنێری کوردستان24 ئەوەی خستەڕوو، "جیاوازییەکی زۆر لە نێوان گەڕە کوردنشینەکانی کەرکووک و گەڕەکەکانی دیکەدا دەکرێت. بڕۆ سەیری پڕۆژەکانی خوارووی کەرکووک بکە و ببینە پڕۆژەکان چەند بە ڕێکوپێکی دەکرێن. بەڵام لە گەڕەکە کوردنشینەکان پارە بۆ پڕۆژەکان خەرجناکرێت."

 

Fly Erbil Advertisment