سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی حەسم کۆبووەوە

K24 - هەولیر:

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەمموزی 2023، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی حەسم بە سەرۆكایەتیی ئوسامە نوجەیفی سكرتێری گشتیی هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی حەسم كرد.

بارەگای بارزانی لەوبارەیەوە بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا بیروڕا سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەروەها هەڕەشە و كۆسپەكانی بەردەم پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و گەشەسەندن ئاڵوگۆڕ كرا.

وەک ئاماژەی پێدراوە، هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پێویستیی هاتنەكایەوەی روانگەیەكی هاوبەشی نیشتیمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و پابەندبوون بە بنەماكانی شەراكەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و تەوافوق لە بەڕێوەبردنی وڵات كرایەوە.

هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی پارێزگاكانی عێراق و، هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان تەوەری دیکەی ئەو كۆبوونەوە بوون.

//