هەواڵی کۆبوونەوەکە لەنێوان راگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی و میدیای فەرمی یەکێتی
K24 - هەولێر
میدیای فەرمی یەکێتی ئەمڕۆ هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە لە کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا باسی مووچەی فەرمانبەران کراوە، بەڵام لە راگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی لەبارەی کۆبوونەوەکە بە وشەیەکیش باسی مووچە نەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوەی پەیوەست بێت بە هەرێمی کوردستان، باس لەوەکراوە کە جەخت لە گرنگی پابەندبوون بە رێککەوتن و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کراوەتەوە، بەڵام میدیای فەرمی یەکێتی بە جۆرێکی دیکە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "بافڵ تاڵەبانی جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە و وتی، ئەوە مافی موچەخۆران و قووتی خەڵکی کوردستانە و پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسییەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتریش رەخنەی ئەوە لە یەکێتی گیراوە کە کاری حزبی تێکەڵ بە کاروباری حکومەت دەکەن، لەکاتێکدا کە حزبەکە بەشێکە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمیان لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە، بۆچی بە شاندی حزبی دەچنە بەغدا و لە هەواڵی میدیای فەرمی حزبیش دەڵێن، باسی بودجە و مووچەیان کردووە.
هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەردانی بەغدایان کرد و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئەندامانی شاندەکەش بە ئومێدەوە باسیان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان کرد و رایانگەیاند، بە ئەگەری زۆرەوە دەگەنە رێککەوتن.
هەر سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکی شاندی حکومەت بۆ بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و شاندی حکومەتی عێراق پێیان گوتون کە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆدەبنەوە و دواتر جارێکی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، گوتیشی: بۆ کۆبوونەوە چاوەڕێی وەڵامی شاندی حکومەتی فیدراڵین.