شێروان شەمێرانی: هەندێک لایەن و میدیا بابەتی بودجە و مووچەیان بە هەڵە بۆ خەڵک وێناکردووە
K24 – هەولێر
شرۆڤەکارێک پێی وایە "هەندێک لایەن و میدیا، بابەتی بودجە و مووچە و نەوتیان تێکەڵ کردووە و پێشتر بە هەڵە بۆ خەڵک وێنایان، تەنیا بە خەڵکیان گوتوە ئەگەر نەوت رادەستی بەغدا بکرێت مانگانە مووچە لە بەغداوە دێت".
شێروان شەمێرانی، نووسەر و شرۆڤەکار لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "حکومەتی عێراق یان هەندێک میدیای عەرەبی خەڵکیان واتێگەیاندبوو هەر کاتێک رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکرێت، لە رووی داراییەوە هیچ کێشەیەک نامێنێت و بەغدا پارە بۆ هەموو شتێک رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات".
گوتیشی: "لەو بابەتە دوو شت تێکەڵ کراوە، یەکەم دەسەڵاتی دەستووری هەرێمی کوردستان و بابەتی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوت رادەستکردن پەیوەندی بە رێکخستنی داراییەوە هەیە لەنێوان هەردوو حکومەت، بەڵام ئەوەی تر کە دەسەڵاتی دەستووری هەرێمی کوردستانە بەغدا بۆی نییە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان بکات لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە راستیدا بەغدا نەیگوتوە ئەگەر ئێمە نەوت بفرۆشین هەموو مانگ مووچە دەنێرین، بەڵکو گوتویەتی ئەگەر نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، هەرێمی کوردستان قازانجی زیاتری دارایی دەکات و گرفتە داراییەکان چارەسەر دەبن، ئەمەش بەهۆی هەندێک ململانێی هەرێمی کوردستان بە هەڵە وێناکراوە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جەرج ناکات، بەڵکو بەشە بودجە خەرج دەکات بەو شێوەی کە خۆی دەیەوێت نەک کە ئێمە دەمانەوێت".
ئەو شرۆڤەکارە، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو بۆچوونە زۆر هەڵەیە کە پێی وایە ئەگەر هەموو شتێک رادەستی بەغدا بکەین، ئەوکات بەغدا مووچەمان بۆ دەنێرێت، من پێشتریش گوتومە لە رووی دەستوورییەوە بەغدا بەرپرس نییە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەرپرسە لە ناردنی بەشە بودجە، چونکە بەغدا ناتوانێت دەستوەردان لە دەسەڵاتە دەستوورییەکان بکات".
باسی لەوەشکرد: "بیانووێکی دیکەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئێستا داوا دەکات لە بری سەدا 50 سەدا 100 هەموو داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی رادەستبکرێن، ئەمە پەیوەندی بە نەوتەوە نییە و بەغدا دەیەوێت چۆن بیەوێت میکانیزمەکە بە دڵی خۆی بێت و هەموو دەسەڵاتەکان لای خۆی بێت".
شێروان شەمێرانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "هەندێک هێز هەن نایانەوێت رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت،و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەهێزییەوە بمێنێتەوە لە بەرامبەر بەغدا".
دەشڵێت: "هەندێک لایەنە وەکو بەڕێوەبەڕێکی گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە محەممەد شیاع سوودانی دەڕوانن نەک وەکو سەرۆکوەزیران، هەندێک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بە ئاشکرا ئەوەیان گوتووە، سوودانی سیاسەتی چوارچێوەی هەماهەنگی جێبەجێ دەکات نەک هی خۆی".
راشیگەیاند: "بەشێک لەلایەنەکان لە بەغدا دەیانەوێت هێز لە هەرێمی کوردستان بسێنەوە، ستراتیژی ئەوان بریتیە لەوەی ئەو کۆڵەکە و جومگە سەرەکیانەی هەرێمی کوردستان بخەنە ژێر دەستی خۆیان، بە هەنگاو کار لەسەر ئەوە بابەتە دەکەن، ئەگەر ئێستاش مووچە بنێرێت دواتر گرفت دروست دەکەن".
جەختیکردەوە: "لە ساڵی 2017 لەکاتی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە نەخشەیەک دانراوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لق و پۆپ بکرێت، ئەوەش بەردەوامە و بەردەوام دەبێت، ئێستا دەیانەوێت لە پەرلەمان یاسایەک تێپەڕێنن کە دەزگای هەواڵگری عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نووسینگە بکاتەوە، ئەوکات داوای هاوکاریش دەکات و دەستوەردانیش لە کاروباری ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوان دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بێهێز بێت، بۆ ئەوەی لەژێر رکێفی بەغدا دەرنەچێت، ئەوان هەر لایەنێکی شیعەش پابەند نەبێت بە سیاسەتی خۆیان بە بەشێک لە خۆیانی نازانن، بۆ نموونە رەوتی سەدر کە بەدەرە لە سیاسەتی ئەوان".