سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل: بەرەو جەنگی ناوخۆ مل دەنێین
K24 - هەولێر:
دوای رەزامەندی دەربڕینی پەرلەمانی ئیسرائیل لەسەر هەموارکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا کە بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە، ئەهود ئۆڵمەرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل رایگەیاند: بەرەو جەنگی ناوخۆ مل دەنێین.
ئەهود ئۆڵمەرت پشتیوانی لەو خۆپیشاندەرانە دەکات کە لە کانوونی دووەمەوە دژی هەڵگرتنی چاودێری دادگای باڵا لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لەبارەی رەزامەندی دەربڕینی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاسا مشتومڕهەڵگرەکەی کابینەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەهود ئۆڵمەرت بە Channel 4ی بەریتانی رایگەیاند: "ئەمە هەڕەشەیەکە کە پێشتر ئیسرائیل رووبەڕووی نەبووەتەوە، بەرەو جەنگی ناوخۆ مل دەنێین".
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، حکومەت بڕیاری داوە هەڕەشە لە بنەماکانی دیموکراسی ئیسرائیل بکات، گوتیشی: "ئێمە نە ئەوەمان پێ قبوڵ دەکرێت و نە بەرگەیشی دەگرین".