دانا جەزا: دواخستنی یاسای بودجە رەنگە فشارێک بێت لە دەرەوەی حکومەت بۆ حکومەت

K24 - هەولێر:

ئەندامێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بەربەستەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەڵێت: دواخستنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە رەنگە فشارێک بێت لە دەرەوەی حکومەت بۆ حکومەت.

دانا جەزا، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، هەندێک لەو حزبە سیاسیانەی لەدوای 2003ـەوە حوکمڕانی عێراقییان کردووە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، نیازی خۆیان نیشانداوە کە زۆر لەگەڵ بنەمای رێککەوتن نین، گوتیشی: لەکاتێکدا لەسەر بنەماکانای رێککەوتن و هاوبەشی و هاوسەنگی حکومەتی عێراقیان پێکهێنا، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایانە کاریان نەکرد.

وەک ئەو پەرلەمانتارەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی پێدا، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاکە ماف نییە کە بەغدا لێی بەرپرسە، بەڵکو ئەوە بەشێكی زۆر بچووکە لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر عێراقەوە.

دانا جەزا ئاماژەی بەوەشدا، بەشێك لە لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پارێزگاکان.

هەر لەبارەی پرسی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، دانا جەزا گوتی: ئەگەر بێینە سەر واقع، بەربەست نەماوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2023 و ساڵانی دواتر، ئەوەی هەیە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک پابەندبوون بە بابەتی هەناردەی نەوت، کە خاڵی سەرەکییە، جێبەجێ کراوە و بابەتی داهاتەکانی دیکەش، بە یاسا رێکخراون.

بە گوتەی دانا جەزا، دابەشکردنی بودجە و مووچە، بەدەرە لە یاسای بودجە، چونکە تا ئەوکاتەی یاسای بودجە بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەکرێت مووچە و بودجەی 'تەشغیلی' خەرج بکرێت، بەڵام ئەم دواخستنەی کە هەیە، رەنگە فشارێک بێت لە دەرەوەی حکومەت بۆ حکومەت.