بلینکن: پێشبینی دەکەم لە گەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی چین کاری باش بکەین
K24 - هەولێر
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، پێشبینی دەکات لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی نوێی چین "کارێکی باش" بکات، ئەمەش لە دوای دەرکردنی لەناکاوی چێن گانگ، لەلایەن سەرۆکی چینەوە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردانەکەیدا بۆ دوورگەی تۆنگا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "ماوەی 10 ساڵە وانگ یی دەناسم، زۆرجار چاوم پێی کەوتووە" ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەم بتوانم وەک لە رابردوودا بە باشی لەگەڵیدا کاربکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگە بۆ ئێمە ئەم پەیوەندییە بە بەرپرسیارانە بەڕێوەببەین، ئەمە لە دیپلۆماسیی و بە کارلێککردن دەستپێدەکات، و من ئامادەم لەگەڵ هاوتا چینییە خەمخۆرەکەم کار بکەم، جا هەرکەسێک بێت".
بلینکن دەڵێت "چێن گانگ باڵیۆز بووە لە واشنتن، من ئەوکاتەی باڵیۆز بوو ناسیم، کاتێک وەزیری دەرەوە بوو گفتوگۆی بنیاتنەرم لەگەڵیدا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم"، لە ئێستادا لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
بلینکن رۆژی چوارشەممە گەیشتە دوورگەی تۆنگا و لەوێ بە فەرمی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەکاتەوە کە دەکەوێتە باشووری زەریای هێمن.
باڵیۆزخانەکە لە مانگی ئایاری رابردوودا لە نوکوئالۆفای پایتەخت دەستی بە کارەکانی کردبوو، بەڵام سەردانەکەی بلینکن ئاماژەیەک بۆ گرنگیدانی واشنتن بۆ ناوچەی باشووری زەریای هێمن.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی گەشتەکەی بلینکن دێت کە نیوزلەندا و ئوسترالیاش لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا رووبەڕووی کاریگەریی پەرەسەندنەکانی چین دەبێتەوە لە ناوچەکەدا.