بەهۆی شەڕی سوودانەوە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا وێران بوونە
K24 - هەولێر
شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووەتە هۆی وێرانکردن و تێکدانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە سوودان، هەروەها کاریگەرییەکان کردووەتە سەر زانکۆ و کورسییەکانی خوێندن، ژیانی خوێندکارەکانیان لەناو برد.
هەروەها وێرانکارییەکە کاریگەری لەسەر خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەبووە، چونکە بەشێک لە قوتابخانەکان لە دوورەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەردەوامن لە خوێندنی وانەکانیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیژنەیەکی فریاگوزاری پێکهێنا بۆ زانینی ئەو زیانانەی بەر ئەو دامەزراوانە کەوتوون، سەرۆکی لیژنەکە و بەڕێوەبەری زانکۆی جەزیرە، پرۆفیسۆر سەلاحەدین محەمەد، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، لیژنەکەیان ئەرکی سنووردارکردنی ئەو زیانانەیە کە بەر ئەو دامەزراوانە و فەرمانبەرەکانیان کەوتووە، هەروەها پشکنین بۆ رێگاکانی دەستپێکردنەوەی خوێندن لەو شارانەی سەقامگیری تێدایە، هەروەها پشتگیری زانستی و ئەکادیمی بۆ خوێندکارانی شارە زیانلێکەوتووەکان.
زۆربەی خوێندکارانی زانکۆ جانتاکانیان کۆکردەوە و لەگەڵ خێزانەکانیان بەرەو ئەو شارانە هەڵاتن کە دوور لەناوچەی شەڕو ململانێکاندان، ژمارەیەکی زۆریش پەنایان بۆ دەرەوەی وڵات برد و بڕیاریاندا لە زانکۆکانی ئەوێ بخوێنن و تا ئێستاش هیچ ئامارێکی دروست نییە لەسەر ژمارەیان، بەڵام بە هەزاران مەزەندە دەکرێن.
سەرچاوەکان دەڵێن: هەڵبژاردنی ژمارەیەکی زۆری خوێندکاران بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بخوێنن، کاریگەری نەرێنی لەسەر زانکۆکانی سوودان دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکە لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی تر جیاواز دەبێت.
لەماوەکانی رابردووشدا، بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، خوێندنی زانکۆکان بۆ چەند مانگێک ڕاگیرا. هەروەها لە کاتی مانگرتنەکانی مامۆستایانی زانکۆش خوێندن راگیرا، کە داوای باشترکردنی مووچەکانیان دەکرد.
هەموو ئەم هۆکارانە، پێکەوە یان بەجیا، تەحەدای گەورەیان لەبەردەم دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا دروستکرد، لەوانە کەڵەکەبوونی کرێی خوێندن و پاشەکەوتەکانیان لە هەندێک ساڵ و وەرزی دیاریکراودا، کە فشارێکی زۆری خستە سەر ئەو دامەزراوانە بۆ دابینکردنی یارمەتییەکانی وانەوتنەوە و ڕاهێنان.
دوای ئەوەی قەیرانەکە کەم بووەوە دوای پەسەندکردنی هەیکەلی مووچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا، دەوام بەشێوەیەکی ڕێکخراو و ورد دەستیپێکرد بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو کێشانە، کە بەڕوونی کاریگەری لەو سەقامگیرییە ئەکادیمییەی کرد، کە لەماوەی کۆتاییدا دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا تووشی بوون.
وەزیری خوێندنی باڵا محەمەد حەسەن، رێنمایی دەرکرد، بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران و دامەزراوەکان لە دەرەوەی وڵات، بۆ تەواوکردنی ساڵی خوێندن یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوی خوێندن، هەروەها میوانداریکردنی خوێندکاران لە ناوخۆی سوودان، لە خوێندنی باڵای حکومی و ناحکومی، لە ناوچەکانی دەرەوەی شەڕ.
سەرۆکی لیژنەی فریاکەوتن و بەدواداچوون گوتی: "هەندێک لە زانکۆکان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تایبەت بۆ میوانداریکردنی خوێندکارەکانیان، بەتایبەتی ئەگەر بزانن ئەو خوێندکارانە لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی سوودان بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسانێک هەن کە هەوڵیانداوە بوونی خوێندکاران لە هەر هەرێمێکدا دیاری بکەن،. وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنی بڕیاری گونجاو"، دەشڵێت: کە زۆربەی ئەو خوێندکارانەی میوانداری دەکرێن خوێندکاری قۆناغی کۆتایین کە خەریکە تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن یان ماوەی خوێندنەکەیان تەواو دەکەن و دواتر تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.