سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: هەموو ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانمان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێکردووە
K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق جێبەجێکردووە کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراون و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئەمڕۆ رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دەرنەکراون و، وەکو خۆی دەڵێت، هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سكاڵایانەی لە دژی یاسای بودجە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی ژمارەیەک بڕگە و ماددەی یاساکە تۆمارکراون، بەشێکی ئەو هۆکاران، کە رێگرن لەبەردەم جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە.
لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ڤیان سەبری ئەوەی خستەڕوو، سەردانەکان ئەنجامی باشیان هەبووە و هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییانەی لە یاسای بودجەدا لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراون، حکومەتی هەرێم جێبەجێیانی کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، "تەنانەت پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بەشێوەیەکی شەفافانە بۆ حکومەتی عێراق روونکردووەتەوە و ئاشکراکردووە، بۆیە ئێستا هیچ بەرپرسیارەتییەک لەسەر شانی حکومەتی هەرێم نەماوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت یان نا، لە یاسای بودجەدا حکومەتی عێراق پێگیرکراوە بە ناردنی مانگانەی سەدا 12.67ـی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکە و دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپسیارەتێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەڵدەگرێت، هەناردەی دەرەوەی بکات یان بۆ کاروباری ناوخۆ بەکاریبهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردرا دووبارە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسای گشتیی بودجە عێراق.
هەفتەی رابردووش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.
رۆژی یەكشەممە 23ـی تەممووزی 2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق، "دوو خاڵی سهرهكی ههبوون شاندنی ههرێمی كوردستان كاری لهسهر كرد، یهكهمیان، نابێت سازش لهسهر مافه دهستوورییهكان بكهین و پارێزهری مافه دهستوورییهكانمان بین، خاڵی دووهم، له یاسای بودجهدا پهیوهندییهك لهنێوان ماف و ئهرك ههیه، ناكرێت تهنیا له چوارچێوهی ئهرك مامهڵه لهگهڵ ههرێمی كوردستان بكرێت، بهڵكو ئهگهر ئێمه تهواوی واجیباتی خۆمان ئهنجام دابێت، دهبێت تهواوی مافهكانمان وهربگرین، ئێمه به گوێرهی ئهو دوو ستراتیژییهته كارهكانمان كردووه، ههروهك سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی بۆ شاندهكهمانی دیاریكردووه."