یانهكانی سعودیه دهیانهوێت بهشداریی له چامپیۆنزلیگ بكهن
بەرپرسانی وەرزشی لە سعوودیە لە هەوڵی ئەوەدان یانەکانیان بەشداری چامپیۆنزلیگی ئەوروپا بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت داواکاریەک پێشكەشی یوێفا بکەن، دەنگۆیەکیش هەیە هۆکاری گواستنەوەی یاریزانانی هاوشێوەی رۆناڵدۆ و بێنزێما لەلایەن یانەکانی ئەم وڵاتە، بەشداری کردنیانە لە چامپیۆنزلیگ.
ماڵپەری گۆڵی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی سعوودی ئامانجیانە بۆ وەرزی داهاتوو یانەکانیان بەشداری چامپیۆنزلیگی ئەوروپا بکەن و هاوشانی یانە زلهێزەکانی کیشوەری ئهورووپا کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەن.
گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن یانەی نەسڕ و کەریم بێنزێما و نگۆلۆ کانتی لەلایەن یانەی ئیتیحاد و هەروەها چەندان یاریزانی دیکەی هاوشێوەی ئێدوارد مێندی و رۆبێرتۆ فێرمینیۆ و چەند یاریزانێکی دیکەش کە نزیکن لە پەیوەندی کردن بە خولی رۆشن، ئەو دەنگۆیەی بەهێزتر کردووە و هاندەرانی سعوودیەشی گەشبینتر کردووە.
ڕۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە هەندێک قسە و باس هەیە سەبارەت بە ئەگەری داوای سعوودیەکان بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا "یوێفا"، دوای ئەم گرێبەستە جیهانییە گەورانە کە لە ماوەی ئەم دوو هاوینە واژۆیان کردووە.
ڕۆژنامە بەریتانیەکە زۆر بە گەشبینیەوە دەروانێتە ئەم بابەتە و بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم داواکارییە نامۆ و ناوازە و بگرە رەنگە مەحاڵیش نەبێت، لەبەر ئەوەی پێشتر هەندێ وڵاتی دیکە فیدراسیۆنە کیشوەریەکانیان گۆڕیوە، ئەوانیش کازاخستان و ئوسترالیان.
لەلایەکی دیکەوە لیام ویکس رۆژنامەنوسی بەریتانی و شارەزا لە تۆپی پێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێیوایە ئەم بابەتە زۆر ئەستەمە، چونکە بەشداری کردنی یانەکانی سعودیە لە ئەوروپا پەیوەست دەبێت بە پۆڵینی یانەکانی ئەم کیشوەرە لە پێنج بۆ شەش ساڵی رابردوو.
ئەو شارەزایەی تۆپی پێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەستبوونی یانەکانی سعودیە بۆ یەکێتی ئەوروپا ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەی نیشتمانی هەبێت، کە لە مۆندیالی 2022 ئاستێکی باشی پێشکەش کرد، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەروو.