دڵم نایە نوێترین بەرهەمی خۆشەوی هیرانییە

خۆشەوی هیرانی، هونەرمەند
خۆشەوی هیرانی، هونەرمەند

K24 - هەولێر:

خۆشەوی هیرانی دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمە دوێتەکەی لەمساڵدا، ئێستا سەرقاڵی مۆنتاژکردنی کلیپی گۆرانیەکی نوێیە بەناونیشانی دڵم نایە، کە لە ئاوازی و هۆنراوەی محەمەد شوعاعیە و دابەشکردنی ئاڕنجی ئەحمەد حاجەتمەندە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ  هادی زووم کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامداوە و بڕیاریشە بەم نزیکانە ببێتە میوانی شاشەکانی کوردستان.

خۆشەوی بۆ کوردستان24 دەڵێت: دڵم نایە بەرهەمێکی جیاوازە لە کارەکانی پێشووترمدا و یەکێک دەبێت لەو بەرهەمانەی، کە بە عەشقێکی زۆرەوە کارم بۆی کردووە و ستافێکی پڕۆفیشناڵ لەم بەرهەمەدا هاوکاربوون و دەبێتە بەرهەمێکی ناوازە لە ئەلبوومی کارە هونەرییەکانی مندا و بەمزووانە دەیخەمە بەر گوێی هەوادارانی موزیکی کوردی.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبەتە ئەمە یەکەم کاری دەبێت بە ستایلی پۆپ موزیک کاری لەسەر بکات، ئەمەش پیاسەیەکە بە نێو گۆرانی و موزیکدا دەیکات و دەیەوێت زیاتر لە ئەزموونێک لە نێو هونەردا تاقی بکاتەوە.