پۆلیسی ئەڵمانی: تەرمێك دۆزراوەتەوە لەوانەیە یەكێك لە تەقەكەرەكان بێت
مێركڵ: لەبارەی ناسنامەی تەقەكەرەكان هیچ ئەگەرێك بە دوور نازانرێت

K24 – هەولێر:
پۆلیسی شاری میونشن ڕایگەیاند" تەرمی كەسێكیان دۆزیووەتەوە لەوانەیە یەكێك لە تەقەكەرەكان بێت.
تا ئێستا پۆلیس بەدوای تەقەكەرەكانی شاری "میونشن" ەوەن كە بەهۆی هێرشكردنە سەر مۆڵێكی ئەو شارە و تەقەكردن لە چەند شوێنێكی دیكەی شارەكە "11" كەسیان كوشت و ژمارەیەكی دیكەیان بریندار كرد.
بۆ دەستگیركردنی تەقەكەرەكان لەو شارەدا باری نائاسایی ڕاگەیەنراوە و خاڵی پشكنین دانراوە و هاتوچۆ وەستاوە و ڕێگا سەرەكییەكانی شاركە داخراوە.
بۆ بە هاناوەچوونی هێزە ئەمنییەكانی "میونشن" داوا لە پۆلیسی فیدراڵی و هێزی تایبەتی دیكە لە شار و ناوچەكانی دیكە كراوە بگەنە شارەكە و تا ئێستا گەڕان بە دوای هێرشكەرەكاندا بەردەوامە.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا "ئەنگێلا مێركڵ" داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەڵمانیای دەكات و لەبارەی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەكەوە ڕایگەیاند" هیچ ئەگەرێك بە دوور نازانرێت كە لەبارەی ئەنجامدەرەكانەوە باس دەكریت.
لە ڤیدیۆیەكی تۆماركراوی ڕووداوەكەدا، یەكێك لە تەقەكەرەكان هاوار دەكات و دەڵێت" من ئەڵمانیم" بەڵام تا ئێستا پۆلیس بۆی ئاشكرا نەبووە كێن ئەوانەی ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە، و ئاگاداری ئەوەش نین كە لەناو شاری "میونشن"دا ماون یان چوونەتە دەرەوەی شارەكە.
بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی "میونشن" ڕایگەیاندووە، هێشتا زووە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكە ئاشكرا بكرێت و تا ئێستا نازانرێت كە سەر بە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكانن یان نا.
لەو هێرشەدا تا ئێستا تەرمی "11" كەس كەوتووەتە دەست هێزە ئەمنیەكان و ئەوانیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن تا بزانن ئەوانە هەموویان قوربانی دەستی تەقەكەرەكانن، یان لاشەی "3" تەقەكەرەكەش لەناو كوژژراوەكاندایە.