سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بە هاوکاری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت
K24- مۆسکۆ:
وا بڕیارە رۆژی 6ی ئەیلول سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ دەست پێبکات و تاوەکو 17ی ئەیلولی 2023 بەردەوام بێت.
فێستیڤاڵەکە ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت و بە هاوکاری و پشتیوانی میدیایی دامەزراوەی کوردستان24 لە هۆڵی سینەمای ئەکتیابرسکی لە شەقامی نۆڤی ئەرباتی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
گولیزار گەردەنزەری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ تیشک دەخاتە سەر فەرهەنگ و مێژووی کوردانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
گەردەنزەری دەشڵێت: لە فێستیڤاڵی ئەمجارە پۆستەرەکە بە هەنارێکی سوور لەسەر باگراوندێکی زەردی نەرم نەخشێندراوە، کە هێمای رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو خاکەی بەتامترین هەنار تێیدا گەشە دەکات.
گولیزار ئەوەشی خستەڕوو، فیلمە سەرنجڕاکێشەکان نمایش دەکرێن، بۆ نیشاندانی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی کولتووری و ئاشنا بوون بە سینەماکارە بەتواناکانی کورد.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ راشیگەیاند، ئەمساڵ بە گشتی 41 فیلم لە وڵاتی جیهانەوە بۆ بەرنامەی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم هەڵبژێردراون، ئەوانیش بریتین لە ئێران، تورکیا، سوریا، یۆنان، عێراق، ئیسپانیا، سوید و ئەڵمانیا.
گەردەنزەری دەشڵێت، بینەران دەتوانن 6 فیلمی درێژ و 7 فیلمی دۆکیۆمێنتاری و 28 کورتە فیلم ببینن. سەرجەم فیلمەکان لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 وێنەگیراون و بۆ یەکەمجار لە رووسیا نمایش دەکرێن. هەروەها زۆربەی فیلمەکان خەڵاتی شایستەیان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمدا بەدەست هێناوە.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن وەزارەتی کولتوری روسیاوە خراوەتە لیستی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم کە لە رووسیای فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 بەڕێوەدەچن.
ماڵپەڕی فەرمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی