دانیمارک بیر لە قەدەغەکردنی 'سووتاندنی قورئان' دەکاتەوە
K24 - هەولێر:
حکومەتی دانیمارک بیر لە قەدەغەکردنی ئەو خۆپیشاندانانە دەکاتەوە کە تێیاندا قورئان یان هەر کتێبی ئاسمانی دیکە دەسووتێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک رایگەیاند، لە کاتێکدا پاراستنی ئازادی رادەربڕین زۆر گرنگە، بەڵام ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە سوود بە کەس و لایەنە توندڕەوەکان دەگەیەنن و مەترسی ئەمنی دروست دەکەن.
حکومەتی دانیمارک چاوی لە رێگا یاساییەکانە بۆ دەستوەردان لە هەندێک بارودۆخدا، لەوانەش دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەکان.
سەرۆکوەزیرانی سویدیش هەنگاوێکی هاوشێوەی دانیمارکی گرتووەتە بەر.
هەردوو سوید و دانیمارک کە وڵاتێکی سکاندەناڤین، چەند هەفتەیەکە لەژێر فشاردان بەهۆی رێگەدان بە سووتاندنی کۆپی قورئان لەنێو وڵاتەکەیان، کە ئەمەش لە سەرانسەری جیهان تووڕەیی و کاردانەوەی موسڵمانانی لێکەوتەوە، تەنانەت لە هەندێك شوێنیش بایکۆتی بەرهەمەکانیان کراوە.
لە بەیاننامەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک رایگەیاندووە، دەیەوێت لە هەندێک بابەتی وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستتێوەردان بکات، بەتایبەتی کاتێک کە لەو چالاکییەکە "سووکایەتی بە وڵاتان و کولتوور و ئایینەکانی دیکە دەکرێت، و لەو شوێنانەشدا ئەمە دەتوانێت لێکەوتەی نەرێنی بەرچاوی بۆ دانیمارک هەبێت" - لەنێویاندا نیگەرانییە ئەمنییەکان.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. ئهو رهفتاره لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و دواتریش لەگەڵ دووبارەبوونەوەی رووداوێکی هاوشێوە لە ستۆکهۆڵم، حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید کرد عێراق بەجێبهێڵێت و باڵیۆزی عێراقیشی لە ستۆکهۆڵم گەڕاندەوە.
دوای رووداوی هاوشێوە لە دانیمارک لە رۆژی (24ـی تەمموزی 2023) بوو، کاتێک چەند کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، هەستان بە سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی 'پیرۆز' و بێڕێزیکردن بە ئاڵای عێراق، کە ئەمە جاری دووەمە لەو وڵاتە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە.