سعوودیە میوانداری کۆبوونەوەی راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکات
K24 - هەولێر
شاری جەددە لە رۆژانی 5 و 6ی ئاب، میوانداری دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا دەکات، ئەمەش تەواوکەری گفتوگۆکانی لوتکەی ئاشتی ئۆکرانیایە کە مانگی رابردوو لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بەڕێوەچوو.
موساعید ئەلعەیبان، ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی سعوودیە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سعوودیە، بانگهێشتنامەی بەشداریکردنی ناردووە بۆئەوانەی بەشدار دەبن کە نزیکەی 30 وڵاتن.
چەند سەرچاوەیەک بەبێ ئاشکراکردنی ناویان پشتڕاستیان کردەوە، کۆبوونەوەکانی جەددە لەسەر ئاستی راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت و درێژەپێدەری گفتوگۆکانی لوتکەی ئاشتییە لە ئۆکرانیا، کە لە کۆپنهاگن، لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو. کە بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا و وڵاتانی گروپی حەوت و یەکێتی ئەوروپا بەشدارییان تێدا کرد.
کۆبوونەوەکانی کۆپنهاگن دەستیان خستە سەر پێشکەشکردنی پێشنیارێک بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی "کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی" بۆ پشتگیریکردنی ئەو بنەمایانەی کە پشتگیری لە یەکلاییکردنەوە دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە 17 مانگە دەستی پێکردووە.
عەبدولعەزیز سەقر، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کەنداو بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، سعوودیە هەوڵدەدات هەلومەرجێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دروست بکات، لەسەر بنەمای ئەو پێزانین و رێزەی کە بۆ هەموو لایەنەکان بەدەستی دەهێنێت.
جگە لەوەش رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی رایگەیاندووە، کە کۆبوونەوەی سعوودیە لە ساتێکی چارەنووسسازدا دێت لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سعوودیە و ئۆکرانیا 30 وڵاتیان بانگهێشت کردووە بۆ کۆبونەوەکە لەنێویاندا وڵاتانی ئەندەنوسیا، میسر، مەکسیک، شیلی و زامبیا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا هیوادارن ئەم هەوڵانە بگاتە لوتکەی ئاشتی، لە کۆتایی ئەمساڵدا، کاتێک سەرکردەکانی جیهان پرەنسیپی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی شەڕەکە واژۆ دەکەن، هەروەها ئەو پرەنسیپانە لە چوارچێوەیەک بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لە داهاتوودا لەنێوان رووسیا و و ئۆکرانیا کە لە بەرژەوەندی کیێڤ کۆتایی دێت.
دیپلۆماتکارانی رۆژئاوایی، کە لەگەڵ رۆژنامەکە قسەیان کردووە، هیوادارن ریاز بتوانێت چین کە لە رووسیا نزیکە، رازی بکات بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە، بەو پێیەی دەزانن کە پەکین لە کۆبوونەوەی کۆپنهاگن ئامادەنەبووە.
ڕۆژی هەینی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، رووسیا ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا ئەنجام بدات، بەڵام کیێڤ رەتیدەکاتەوە، جەختیشی لەسەر رەتکردنەوەی ئەمەریکا و ناتۆ کردەوە بۆ دانوستان لەگەڵ رووسیا لەسەر پرسی دەستەبەرکردنی ئاسایشی یەکسان بۆ هەموو وڵاتان.