ئێران: ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل زیان بەناوچەکە دەگەیەنێت

ناسر کەنعانی
ناسر کەنعانی

K24 - هەولێر

گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل زیان بە ناوچەکە دەگات.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر سعوودیە و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، ئەوە زیان بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنن.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوانەیە رێککەوتنێک بەڕێوەبچێت دوای گفتوگۆکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە لە جەددە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل.

بڕیارە سعوودیە لە رۆژانی 5 و6 ئابدا، میوانداری کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی بکات، کە درێژەپێدەری گفتوگۆکانی لوتکەی ئاشتییە لە ئۆکرانیا، کە لە ماوەی رابردوودا لە کۆپنهاگن، بەڕێوەچوو، کە بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا و وڵاتانی گرووپی حەوت و یەکێتی ئەوروپا بەشدارییان تێدا کردبوو.