تورکیا مۆدێلێکی نوێی ژێر دەریایی ئاشکراکرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دوژمن هەستی پێناکات
K24 - هەولێر
لە میانی پێشانگای IDEF-2023 کۆمپانیای دێرسانی تورکی مۆدێلێکی نوێی ژێردەریایی ئاشکرا کرد و پەرەی پێدەدات کە بۆ هێزی تایبەت و ئۆپەراسیۆنی دابەزینی دەریایی بەکاردێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ناڤاڵ نیو، ژێردەریاییەکانی LCSUB کە دێرسان ئاشکرای کردووە، هێشتا لە قۆناغی دیزاینی سەرەتاییدان و دەتوانرێت لە داهاتوودا دەستکاری ئەو ژێردەریاییانە بکرێت بۆ ئەوەی وەک ژێردەریایی خۆڕێنمایی بەکاربهێنرێن.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ژێردەریاییەکانی LCSUB پێکهاتەی بەهێز و توانای بەرزی مانۆڕکردنیان دەبێت لە ئاوە قووڵەکاندا، هەروەها دەتوانن 60 سەرباز لە هێزی دەریایی تایبەتەوە هەڵبگرن بەبێ ئەوەی دوژمن هەستیان پێبکرێت، هەروەها ئامێری پێویستیان بۆ دابین دەکرێت لەگەڵ ئامێری پێشکەوتووی چاودێری و پەیوەندییەکان کە وایان لێدەکات وەک میکانیزمێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری کاربکەن.
هەریەک لەم ژێردەریاییانە درێژییەکەی 29.9 مەتر دەبێت و پانییەکەی 5.2 مەتر دەبێت و جێگۆڕکێی ئاوی 180 تەن دەبێت، هەروەها سیستەمی پاڵنەری کارەبایییان بۆ دادەنرێت.