فوئاد حوسێن: دەرگاکانی وڵات بەرووی کۆمپانیاکانی کەنداودا کراوەیە

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە، کە دەرگاکانی وڵات بەرووی کۆمپانیاکانی کەنداودا کراوەیە و ئاماژەی بەوەدا، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و وڵاتانی کەنداو پتەو و بەهێزە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ جاسم محەمەد ئەلبەدیوی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاوکاری بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی رایگەیاند، بەستنەوەی کارەبایی عێراق لەگەڵ کەنداو و سعودیە میحوەرێکی بنەڕەتی و گرنگە بۆ ئێمە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هانی هاتنە ناوەوەی کۆمپانیاکانی کەنداو دەدەین بۆ عێراق، گوتیشی، حکومەتی ئێستا کاردەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پلانێکی روونی هەیە بۆ وەبەرهێنان لە غاز.

ئەلبەدیوی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاوکاری بۆ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی رایگەیاند، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەکات، هەروەها پێویستە هەنگاو بنێن بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو"، روونیشی کردەوە کە "پەیوەندی کارەبا لەگەڵ عێراق پڕۆژەیەکی گەورەیە".

دەشڵێت پلانی کەنداو هەیە بۆ بەستنەوەی ئابووری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ڕۆڵی گەورەی هەیە لە بەڕێوەبردنی فایلە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، حامید عەباس لەفتا باڵیۆزی عێراق لە ئیسلام ئاباد، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان، رانا خان، سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی پێدانی ڤیزە بە گەشتیارانی پاکستان و بەرزکردنەوەی رێگاکانی هاوکاریی نێوان هەردوو وەزارەت لە بواری بەرەنگاربوونەوە ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تاوتوێ کرد.

لە میانی دیدارەکەدا باڵیۆزی عێراق بانگهێشتنامەیەکی پێشکەش بە هاوتا پاکستانییەکەی کرد کە سەردانی عێراق بکات بۆ ژمارەیەک دیدار و گفتوگۆ کە هاوکاری دوو قۆڵی هەنووکەیی نێوان هەردوو وڵات بەرز دەکەنەوە.

باڵیۆزەکە جەختیشی کردەوە، کە حکوومەتی عێراق هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە، بەتایبەت گرنگییەکی زۆر بە گەشتیارانی پاکستانی دەدات، هەروەها ساڵانە نزیکەی 200 هەزار گەشتیاری پاکستانی سەردانی عێراق دەکەن.

Fly Erbil Advertisment