شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (راست) و لۆگۆی حکومەتی عێراق (چەپ)
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (راست) و لۆگۆی حکومەتی عێراق (چەپ)

K24 - هەولێر

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجە و مووچە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی حکومەتی فیدراڵی کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ شاندێکی حکومەتی فیدراڵی کۆدەبێتەوە.

سەردانی ئەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە؛ ئێواری دوێنێ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، پشکی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستانمان لە بودجە رەوانە کردووە".

دوای لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە هیچ بڕە پارەیەک خرابێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان و ئاماژەی بەوەش دا، " لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".

لەلایەن خۆیەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە چوارچێوەی یاسای بودجە و رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەیانی رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرین بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم".

وەزارەتی دارای و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران کرد و سەرەتا مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش کرد. دابەشکردنی مووچە تا رۆژی پێش جەژنی قوربان (28ـی حوزەیرانی 2023)  بەردەوام بوو و توانرا پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشبکرێت.

رۆژی 15ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

Fly Erbil Advertisment