نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر:

بەهۆی هەڵسەنگاندنێکی نەرێنی بۆ قەرزەکانی ئەمەریکا لەلایەن ئاژانسی فیتشەوە، نرخی زێڕ بەردەوامە لەسەر بەرزبوونەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/8/2023  بەراورد لەگەڵ دوا نرخەکانی دوێنێ زیاتر لە شەش دۆلار لەسەر نرخی ئۆنسێک زێڕ زیاد بووە و بە 1,952.60 مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان:

مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=480,000

مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=440,000

مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=420,000

مسقاڵێک زێڕعەیار 18=360,000

ئاژانسی فیتش، هەڵسەنگاندنی پێدانی قەرز بە حکومەتی ئەمەریکا لە بەرزترینی ئاستی AAAوە دابەزند بۆ +AA و تووڕەبوونی کۆشکی سپی بەدواوە هات چونکە ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێتە هۆی کەمبوونی متمانە بە ئابووریی ئەمەریکا، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی پێنوێنی دۆلاری ئەمەریکی.

ریزبەندی AAA بۆ پێدانی قەرز چییە؟

هەندێک کۆمپانیا و حکومەت هەن پێویستیان بە قەرزکردنە، دەزگا تایبەتەکان هەڵسەنگاندن بۆ دوخی دارایی و ئابووری ئەو کۆمپانیا و حکومەتانە دەکەن، لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە قەرزیان پێ دەدرێت، رێزبەندی AAA بەرزترینە کاتێک هەر وڵات یان کۆمپانیایێک لەو ئاستەدا تۆماربکرێت لەلایەن دەزگا تایبەتەکانی هەڵسەنگاندنەوە ئەو کات قەرزبەخش بە متمانەیەکی زیاترەوە قەرز دەداتە هەڵگری ئەو ئاستەی هەڵسانگاندن چ کۆمپانیا یان حکومەتێک بێت، واتا بەگشتی هەڵسەنگاندنی قەرز رۆڵێکی سەرەکی لە جیهانی داراییدا دەگێڕێت.

فیتش ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینی دەکات دارایی ئەمەریکا لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا پاشەکشێ بکات و بارگرانی لەسەر قەرزی گشتی حکومەت زیاد ببێت.

لە کاتێکدا کە دۆخی ئابووری و دارایی نائارام بێت نرخی زێڕ کە بە دۆلارە، وەک پەناگەیەکی سەلامەت دەبینرێت بۆ مامەڵەکردن، بۆیە خواستیش لەسەر زیاد دەبێت.

ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ رۆژی سێشەممە 1/8/2023 رایگەیاند، خواست لەسەر زێڕ بەدەر لە مامەڵەکانی نێو بۆڕسە، لە چارەکی دووەمی ساڵی 2023دا بە رێژەی 2% لە چاو ساڵی رابردوودا کەمبووە، بەهۆی ئەوەی بانکە ناوەندییەکان کڕینیان کەمکردووەتەوە و بەکارهێنانی کانزا زەردەکە لە کەرتی تەکنەلۆجیاداش بە لاوازی ماوەتەوە.

ئا: کاوار ساڵح