سیستەمی تەندروستی سوودان لە لێواری داڕماندایە

نەخۆشخانەیەک لە سوودان
نەخۆشخانەیەک لە سوودان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی سوودان، رایگەیاند، لە کۆی 130 نەخۆشخانە، نزیکەی 30 نەخۆشخانە تا ئێستا لە ویلایەتی خەرتوم کاردەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بارودۆخی ئەو شارە زۆر ئاڵۆزە و شەڕ تێیدا بەدەوامە.

 هەیسەم ئیبراهیم، وەزیری تەندروستی سوودان بە ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی راگەیاند، "ئەو شارانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕەوە خەرتوم و دارفورن، بەو پێیەی خەرتومی پایتەخت، راستەوخۆ و زۆر کاریگەری تەندروستی لەسەر بووە".

لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور هۆشداری دەدات لەوەی سیستەمی تەندروستی لە سوودان لە لێواری داڕمانی تەواودایە، سەرەڕای هەوڵی رێکخراوە مرۆییەکان و کارمەندانی پزیشکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاردانەوەی ئەو قەیرانەی ئێستا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە.

ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشدا، نەخۆشخانەکان بە پاڵپشتی هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی کاردەکەن، چونکە هەندێک کارمەندی ئەو رێکخراوانە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن و هەندێکی تریش پێداویستی دەنێرن،  ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا لەنێوان شەش بۆ حەفت ملیۆن هاوڵاتی لە ویلایەتی خەرتوم دەژین،  پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و هاوکاری مرۆیی هەیە،.

وەزیری تەندروستی سوودان گوتیشی: "کۆسپی گەورە هەیە لە گەیاندنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکانی خەرتوم، جگە لە هێرشکردنە سەر ئەوان و ئەمبولانسەکان، بەو پێیەی لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی پزیشکی کوژراون یان برینداربوون".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "یارمەتی پزیشکیمان وەرگرتووە، بەڵام بۆشایی پێداویستییەکان هێشتا ماوە و پێویستە لە رێگەی میکانیزمەکانی وڵات و خێرخوازان و هاوبەشەکانەوە تەواو بکرێت".

 ئیبراهیم جەختی لەوەکردەوە، پێویستمان بە پاڵپشتی بەپەلە هەیە لە پێداویستییە پزیشکییەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی گورچیلە، وەرەم، و دەرمانی رزگارکەری ژیان کە پەیوەندییان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە هەیە، جگە لە هەندێک کەرەستەی سەرەتایی پزیشکی بەکارهێنراو، وەک پێداویستییەکانی نەشتەرگەری ئێسک و پروسکی و فریاگوزاری، گواستنەوەی پاڵپشتی و تاقیگەی پزیشکی، هەروەها زیاتر لە 15 ناوەندی پزیشکی بۆ شۆردنی خوێن هەیە کە تا ئێستاش لە خەرتوم کاردەکەن.

وەزیری تەندروستی سوودان راشیگەیاند، "وەک وەزارەتی تەندروستی پلانێکی فریاگوزاریمان داڕشتووە لەسەر بنەمای پلانی گشتی وڵاتی سوودان، کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکە لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستا، ئێمە کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی لە شارە جیاجیاکان و ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە تەندروستییەکان، بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە خەرتوم لەسەر ئاستی پزیشکی دروستیکردووە".

لە ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای سوودان کە بەهەمان شێوە بەدەست شەڕ و پێکدادانێکی بەرفراوانەوە دەناڵێنێت، ستافی پزیشکی لە شاری ئێلفاشێری پایتەختی ناوچەکە بە زەحمەت کاردەکەن بۆ دابینکردنی چاودێری تەندروستی بۆ سەدان منداڵی نەخۆش و بەدخۆراک، ئەمەش دوای داخستنی نەخۆشخانەی سەرەکی منداڵان بەهۆی پێکدادانەکانەوە دێت، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کردوویانە بە سەربازگەی سەربازی، هەروەها بەشێکی زۆری بەهۆی کەوتنە خوارەوەی موشەکەکان بەسەریدا لەناوچووە.

هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی 435 منداڵ و برینداربوونی دوو هەزاری دیکە و ئاوارەبوونی نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار منداڵی لە سوودان ئاشکرا کرد، ئەمەش دوای زیاتر لە 100 رۆژ دێت لە سەرهەڵدانی شەڕی چەکداری لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.