کێشەی بەنزین چارەسەر دەکرێت

بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێتەوە

K24 – هەولێر

دوای راگرتنی ئەو بڕە بەنزینەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرا، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە ئەو بڕە بەنزینە رەوانە بکرێت.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لەم دوو رۆژە دەست بە هەناردە کردنەوەی بەنزین بکەنەوە".

پێشتر رۆژانە شەش تانکەر بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەولێر رەوانە دەکرا، بەڵام 20 رۆژ ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دوێنێ 1/8/2023 لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمیی بەنزین چڕ کردەوە، و دوای رێگەپێدان لە 30/7/2023  بۆ هاوردەکردنی بەنزین لەلایەن كۆمپانیاکانەوە، مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناو هەرێمی كوردستان هاوردە دەکرێت و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گرفتی كەمیی بەنزین چارەسەر دەكرێت".

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بەوەشکراوە: "بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10/7/2023 پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین".

Fly Erbil Advertisment