محەممەد شوکری: لەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی وەرنەگیراوی جووتیاران دەکرێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەمڕۆوە دەستیپێکردووە و بۆ یەک مانگ بەردەوام دەبێت. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان راشیگەیاند، کۆتا رۆژی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی جووتیاران 2ـی تشرینی یەکەم دەبێت و تا ئەو کاتە سەرجەمیان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە (2ـی ئابی 2023)، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، تۆنی گەنمی پلە یەکی جووتیاران بە 600 هەزار دینار وەردەگیرێت و گەنمی پلە دووش بە 575 هەزار دینار وەردەگیرێت.
هاوکات راشیگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت واتا لە 2ـی ئەیلول کۆتایی دێت، جووتیاران دەتوانن لە هەولێر و سلێمانی گەنمەکانیان رادەست بکەن و هی ناوچەکانی دیکەش دەتوانن لە هەولێر رادەست بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە جووتیاران پشتگیری بنکەی کشتوکاڵیان پێبێت، هەروەها دەبێت بسەلمێنن بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی عێراق چاندیان لێ وەرگیراوە و هاوکات بڕی گەنمی وەرنەگیراویشیان تۆمار کرابێت.
محەممەد شوکری، باسی لەوەشکرد، جووتیاران شایستە داراییەکانیشیان لە ماوەی دوو مانگدا پێیان دەدرێت، واتا کۆتا رۆژی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لە 2ـی تشرینی یەکەم دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو بڕە گەنمەی کە وەرنەگیراوە لە هەرێمی کوردستان لە هەردوو ئەو پڕۆژەیەی بەبازاڕکردنی گەنم کە دوو پڕۆژەی وەبەرهێنانن کە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دانراون وەردەگیرێن.
دوای لە ماوەی رابردوودا کێشەیەک لە سایلۆی هەولێر دروست بوو و گەنم لە جووتیاران وەرنەدەگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهێندرا. دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەمەودوا گەنمی جوتیاران لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت (خۆشناو و قەیوان) وەردەگیرێت کە پێشتر رێککەوتنمان لەگەڵیاندا کردووە".
ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە 500 هەزار تۆن دیاری کردبوو. لەو ژمارەیە 145 هەزار تۆنی پشکی پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش گەنمی بەشێک لە جووتیاران وەرنەگیراوە. لەوبارەوە رۆژی هەینی 14ـی تەممووزی 2023، نەوزاد شێخ کامیل گوتبووی، ئەگەر بەغداش گەنمی ئەو جووتیارانە وەرنەگرێت کە لە نۆرەدا ماون، رادەستی کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو دەکەن.
هەر لەو رۆژەدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازارگانیی عێراقەوە لە 16ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگیش بەردەوام دەبێت.