وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیایەک لە هەولێر دەستپێدەکات

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە کۆمپانیای خۆشناو دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ 3/8/2023، لە کۆمپانیای خۆشناو دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت".

بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی: "بۆ هەر تۆنێک گەنم 575 هەزار بۆ 600 هەزار دیاریکراوە بەپێی کوالێتی گەنمەکە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەمڕۆوە دەستیپێکردووە و بۆ یەک مانگ بەردەوام دەبێت. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان راشیگەیاند، کۆتا رۆژی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی جووتیاران 2ـی تشرینی یەکەم دەبێت و تا ئەو کاتە سەرجەمیان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

دوێنێ 2/8/2023، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، تۆنی گەنمی پلە یەکی جووتیاران بە 600 هەزار دینار وەردەگیرێت و گەنمی پلە دووش بە 575 هەزار دینار وەردەگیرێت.

روونیکردەوە، جووتیاران دەتوانن لە هەولێر و سلێمانی گەنمەکانیان رادەست بکەن، ئەو پرۆسەیەک ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.،

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان راشیگەیاند، پێویستە جووتیاران پشتگیری بنکەی کشتوکاڵیان پێبێت، هەروەها دەبێت بسەلمێنن بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی عێراق چاندیان لێ وەرگیراوە و هاوکات بڕی گەنمی وەرنەگیراویشیان تۆمار کرابێت.

بەهۆی وەرنەگرتنی تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سایلۆکانەوە، لە 14ی تەممووزی 2023، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکهێندراوە و لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی سایلۆ و لایەنە پەیوەندارەکان کۆبووەوە بۆ پاراستنی مافی جووتیاران، دواتر بڕیاردرا ئەو گەنمەی جووتیاران کە ماوەتەوە، لە رێگەی دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە وەربگیرێت.