بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان: بەکارهێنانی شروبی کۆڵد ئاوت راگیرا

شروبی کۆڵد ئاوت
شروبی کۆڵد ئاوت

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان سەبارەت بە دەرمانی کۆڵد ئاوت ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بڕیاریاندا بە راگرتنی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە.

لە راگەیەندراوەکەی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاماژە بەوەدراوە، هاووڵاتیانمان ئاگادار دەکەینەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوەخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانی کۆڵد ئاوت ( Cold out)ی کارگەی بەرهەمهێنی هیندی (Fourrts).

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان روونیدەکەنەوە، دەرمانەکە بە شێوەیەکی فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە و هەڵسەنگاندنی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدراوە و کارگەی بەرهەمهێن تۆمارکراوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان هەروەها ئەو نموونانەی کە ئاژانسی (Bloomberg) لە راپۆرتەکەی ئاماژەی پێکردووە کە گوایە هەڵسەنگاندنی تاقیگەیی بۆ ئەنجامدراوە، تەنیا لە شاری بەغدا وەرگیراون، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دەرمانەکە هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبووە.

راشیگەیاند، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی دەرمانەکە و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان چەند بڕیارێکیان دەرکرد، یەکێک لەوانە، راگرتنی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی دەرمانەکە.

دووەم بڕیار، راکێشانەوەی ( Recall)  هەموو ئەو ژمارە باجانەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.

هەروەها سێیەم بڕیار تایبەتە بە هەڵپەساردنی کارگەی بەرهەمهێنەر و راگرتنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی کارگەکە تا دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە راگەیەندراوەکەیدا دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتییانان لە کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستیانە دایە سەبارەت بەم بابەتە لەناو دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان، بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی سەلامەت و کوالێتی بەرز و بنبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ.