ئه‌نجوومه‌نی وزاری ئابووری هاورده‌كردنی چه‌ند جۆره خواردنێكی راگرت
K24 - هەولێر:
ئه‌نجوومه‌نی وزاری ئابووری چوار مادده له لیستی كه‌لوپه‌له هاورده‌كراوه‌كان ده‌سڕێته‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی پێناسه‌ی گومرگیش بۆ ئاژه‌ڵی زیندووی هاورده‌كراو به رێژه‌ی 4% راده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 7ـی ئابی 2023) ئه‌نجوومه‌نی وزاری ئابووری به سه‌رۆكایه‌تی فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی بیست و سێیه‌مینی خۆی ئه‌نجامدا، كه هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی پلاندانان، دارایی، بازرگانی و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی دیكه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵی ئاماده‌ی بوون.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا به سڕینه‌وه‌ی شه‌ربه‌ت و سارده‌مه‌نی و هه‌موو جۆره كێك و هه‌ویركارییه‌ك له لیستی مادده هاورده‌كراوه‌كان تاوه‌كو له ماوه‌ی ساڵێكدا له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی پێشخستن و رێكخستنه‌وه‌ی پیشه‌سازی له وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و كانزاكان پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێویستی بۆ ده‌كرێت سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر بازاڕی ناوخۆیی كه تا چه‌ند كاریگه‌رییه‌كه ئه‌رێنییه یاخود نه‌رێنی.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كۆبوونه‌وه‌كه بڕیاری دا به راسپاردانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیریان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێناسه‌ی گومرگی ئاژه‌ڵی زیندووی هاورده‌كراو به رێژه‌ی 4%، كه به‌مه‌به‌ستی سه‌ربڕینیان هه‌ر یه‌ك له مه‌ڕ و بزن و مانگا ده‌گرێته‌وه، هاوكات هاورده‌كاران ده‌توانن له رێگه‌ی سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنییه‌وه دۆلار بكڕن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن تێچووی هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ به نرخی فه‌رمی پڕ بكه‌نه‌وه.