ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ بەغدا تاوتوێ دەکات
K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆدەبێتەوە و ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا "تایبەت بە گەڵالەکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی" تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی ئابی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
دوێنێ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، هاوپەیمانی 'بەڕێوەبردنی دەوڵەت' بە بەشداریی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. نووسینگهی راگەیاندنی سهرۆكوهزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداربوون؛ جهخت له دهرچوونی پڕۆژه یاسای نهوت و گاز كرایهوه، بۆ ئهوهی له ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق گفتوگۆی لهبارهوه بكرێت و دواتر له پهرلهمان پهسهند بكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە داوە، لە تەوەرەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تایبەت بە گەڵالەکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەخرێتەڕوو.
هاوکات لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ڕەشنووسی پەیڕەوی (سندوقی چاودێری و شیاندنی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان) لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2011، دەخرێتەڕوو.
پڕۆژەیاسای نەوت و گاز
یەکێک لەو بابەتانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.
دوێنێ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، پشتیوان سادق، ئهندامی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ بهغدا له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، له كۆبوونهوهیان لهگهڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، "نابێت هەمان ئەزموونی پەسەندکرنی پڕۆژەیاسای بودجە، لە پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا دووبارە ببێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دوو لیژنەی هاوبەشیان پێکهێناوە و هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکانی تایبەت بەو یاسایە دەستپێدەکەن.
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى، کە لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێککەوتوون، هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان سەرپشک دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەى نەوت و بودجە تاوەکو لە ماوەى شەش مانگدا یاساى نەوت بە گوێرەى دەستوور گەڵاڵە دەکرێت.
سەرەتای ساڵی 2007 یەکەم کۆپیى رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لەلایەن حکومەتى ئەو کاتی فیدراڵیی عێراقەوە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی ئامادە کرا و لە 43 ماددە پێکهاتبوو، بەڵام ئەوکات بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمان پەسەند نەکرا.
لە پڕۆژەیاساکەی ساڵی 2007ـی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا هاتبوو، "پێویستە ئەنجوومەنى فیدراڵیى نەوت و گاز پێکبهێندرێت کە ئەرکى دیاریکردنى سیاسەتى نەوتى دەبێت لە عێراق و هەرێمى کوردستان نوێنەرێکى بە پلەى وەزیر تێدا دەبێت."
دوای چوار ساڵ و لە 2011 پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا و لە 49 ماددە پێکهاتبوو و ئەویش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە پەرلەمان پەسەند نەکرا.