چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی تەقە لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن

K24 – دهۆک

چەکدارانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی تەقە لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و لەلایەن پێشمەرگە وەڵامدراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەکە بە کوردستان24ی راگەیاند "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12/8/2023، چەکدارانی پەکەکە لە نزیک گەلی رەشاڤای سەر بە ناحیەی دێرەلۆک تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە کردووە، لە لایەن هێزی پێشمەرگە وەڵامیان دراوەتەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی بەر پێشمەرگە نەکەوتووە، بەڵام زیانەکانی پەکەکە نەزانراوە".

روونیکردەوە: 'بە مەبەستی پاراستنی رەوشی ئەمنی ناوچەکە، هێزی پێشمەرگە خاڵێکی پشکنینیان لە سنووری ئامێدی داناوە، دیارە چەکدارانی پەکەکە پێیان ناخۆشە کە رەوشی ئەمنی ناوچەکە ئارام بێت و ئاسایش بەرقرار بێت، بۆیە بە دانانی ئەو خاڵە هەراسان بوونە و تەقەیان لێکردووە".

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: "چەکدارانی پەکەکە جگە لەوەی بوونەتە هۆکاری بۆردومان و تۆپبارانکردنی ناوچەکە لەلایەن سوپای تورکیا، دەشیانەوێت هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە نەبێت کە بەپێی یاسا تەنیا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەتوانن ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن".